‌ چۆنییەتی ئامادەکردنی گیپە

2019-12-10

44441 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گیپە یەکێکە لەو خواردنانەی کە بەشێک لە خەڵکی حەز بە خواردنی دەکەن بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، زیاتر لە ژەمی نیوەڕوان دەخورێت بەهۆی قورسی لە هەرسکردنیدا، بە جیا یاخود لەگەڵ سەروپێ ئامادە دەکرێت.

کەرەستەکانی:

ورگی ئاژەڵ "پاککرابێت"

برنجی خڕ "یەک گیپە نیو پەرداخ برنجی دەوێت"

خوێ زەیت

گوێز و بادەم و کشمیش

قیمە

ئاڵەتی ڕەش و مێخەکی نەکوتراو

زەردەچەوە و دەرمانی سەروپێ

پیاز

ئاو

ئامادەکردنەکەی:

سەرەتا قیمەکە لەناو ڕۆندا لەگەڵ پیاز سوری دەکەینەوە و ئاڵەت و خوێی تێکەڵ دەکەین.

بادەم و کشمیش و گوێزەکە لە ناو تاوەیەکی بچوکدا لە بڕێک ڕۆندا سوری دەکەینەوە.

برنجەکە دەشۆینەوە و زەردەچەوە و بەهاراتی سەروپێ و مێخەک و ئاڵەتی ڕەشی تێکەڵدەکەین، دواتر ورگەکە بە مقەست یاخود چەقۆ کەرت دەکرێت و لاکانی دەدورێتەوە تەنها کونێکی بچوک دەهێڵرێتەوە، بۆ ئەوەی برنجەکەی تێبکرێت.

برنجەکە بادەم و کشمیش و گوێز و قیمە سورکراوەکەی تێدەکرێت، بۆ هەر گیپەیەک نیوەی برنجی تێدەکرێت تا لەناو ورگی ئاژەڵەکەدا برنجەکە جوان خۆی بکێشێت و تۆپەڵ یان ڕەق دەرنەچێت، پاشان سەرەکەی دەدورینەوە.

ئاوی بۆ دەکوڵێنی و زەردەچەوە و کەمێک خوێ و بەهاراتی سەروپێی تێدەکرێت، پاشان بە هێواشی گیپەکان دەکرێتە ناوی، لەسەر ئاگرێکی بەهێز دەبێت تا دەکوڵێت، کاتێک هەست کرد گیپەکان نەرمبووە و کوڵاوە لەسەر ئاگر دادەگیرێت، بۆ زانینی کوڵاوی گیپەکان (بە پەنجەیەک کەمێک فشار بخەرە سەر گیپەکە ئەگەر دەستت چوو بە ناویدا واتە کوڵاوە و جیڕی نەماوە)، لەدوای کوڵانی لەناو ئاوەکە دەربهێنرێت تا برنجەکەی ناوی زۆر نەرمنەبێتەوە، لە کۆتاییدا ئامادەی خواردن دەبێت.

Image may contain: food

ئ.ل