دوو هاوسەر ٦٨ ساڵ بەیەکەوە ژیان و دوابەدوای یەك گیانیانلەدەستدا

2019-12-06

5327 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دوو هاوسەر لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکی کە بۆ ماوەی ٦٨ ساڵ بەیەکەوە ژیان، بە جیاوازی یەك رۆژ دوابەدوای یەك گیانیانلەدەستدا.

ماڵپەڕی " USA Today" لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، رۆبین و کۆرین جۆنسون بەیەکەوە لە کێڵگەیەك لە ناوچەی نۆرسلاند لەدوای هاوسەرگیرییانەوە ماوەی ٦٨ ساڵ لەوێدا ژیان، منداڵەکانیان لەوێ پەروەردە کرد و لە کێڵگەکەی خۆیاندا بەرهەمە رووەکییەکانی وەك گەنمەشامی و گەنمیان دەچاند.

شەش مانگ بەر لە ئێستا دۆخی تەندروستیی هەردووکیان تێكچوو بۆیە برانە نەخۆشخانە، پاش پشکنین پزیشکان ئاشکرایانکرد کە رۆبین تووشبووە بە شێرپەنجە و کۆرین بە نەخۆشییەکانی دڵ.

بەهۆی ئەمەشەوە ژنەکە لە ٢٤ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوابەدوای ئەویش هاوسەرەکەی لە رۆژی دواتردا لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لە راگەیاندنی پرسەکەشیاندا خێزانەکەیان نوسیویانە: "بەیەکەوە ئەم جیهانەیان بەجێهێشت، لەو کاتەی خۆشەویستەکانیان بەدەورووبەریانەوە بوون".

ئەم دوو هاوسەرە حەوت منداڵ و ١٤ نەوە و ١٥ کچ و کوڕی نەوەکانیان هەبووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، رۆبین و کۆرین ماوەی ٧١ ساڵ یەکیان خۆشویستووە، جیاوازی کاتی مردنیان دوابەدوای یەك تەنها ١٢ کاتژمێر بووە.