دوای نیو سەدە لە ونبوونی ئەنگوستیلەیەک لە کەناردەریا دۆزرایەوە

2019-12-06

9195 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دانیشتوویەکی ویلایەتی فلۆریدا لە ڕۆژی دەرچوونیدا لە خوێندگە و بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی ئەنگوستیلە تایبەتییەکەی ونکردبوو، دوای تێپەڕبوونی ٤٩ ساڵ بەسەریدا دۆزییەوە.

ماڵپەڕی UPI لە بابەتێکدا نوسیوویەتی، کینیس بۆرد کاتێک خوێندنگەی ئۆپۆرنەدیلی ئامادەیی لە ساڵی ١٩٧٠ تەواو کردووە، لە ئاهەنگی دەرچوونیدا ئەنگوستیلەکەی لە کەناراوێک لە نزیک خوێندنگەکەی وندەکات، بەهۆی نەدۆزینەوە لە ساڵی ١٩٧١ ئەنگوستیلەیەک هاوشێوەی ئەنگوستیلە ونبووەکەی دەکڕێت، ئەمیش وندەبێت.

دوو هەفتە لەمەوپێش جێری بۆب لە کەنار دەریای ملبۆرن بەدوای ماددەی کانزاییدا گەڕاوە، لەناکاو ئەنگوستیلەیەکی کۆن دەدۆزێتەوە، کە لمەکانی کەنار دەریا نزیکی کەنارەکەیان خستبووەوە، دوای پاککردنەوەی وێنەکەی لە فەیسبوک بڵاودەکاتەوە.

لە ماوەیەکی کەمدا کینیس ئەنگوستیلەکەی لە تۆرە کۆمەڵآیەتییەکان دەبینێتەوە، لە ڕێگەی بۆبەوە دەستی دەکەوێتەوە، هەروەک وتوویەتی "ئەمەوێت بزانم ئەنگوستیلەکەم چی لێهاتووە، ئێستا بۆ پەنجەم دەبێت، جونکە دەیکەمە پەنجەم و هەرگیز ناهێڵم ونبێت".

ئ.ل