پلاستەرێک لە ماوەی چەند خولەکێکدا شێرپەنجەی پێست ئاشکرادەکات

2019-11-17

7616 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زانایان لە سوید لە هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی پلاستەرێک، کە دەخرێتە سەر خاڵ یان هەوکردن یان برینێکی سەر پێست و، لە ماوەی چەند خولەکێكدا دەریدەخات ئەگەر خانەی شێرپەنجەیی لەو ناوچەیەدا هەبێت.

ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو زانایانەی کە لە زانکۆی مالمۆ لە سوید کار لەسەر ئەم جۆرە پلاستەرە دەکەن، بە هیوان کە ئەم جۆرە ئامێرە بتوانێت شیکردنەوە بۆ خاڵەکانی سەر پێست بکات و لە ماوەی چەند خولەکێكدا دەریبخات کە ئایا شێرپەنجەیە یان نا.

بیرۆکەی ئەم پلاستەرە بەجۆرێکە کە بتوانێت بەدوای ئەو وردیلانەدا بگەڕێت کە لە خانە شێرپەنجەییەکانەوە دەردەچێت و پلاستەرەکە رایاندەكێشێت و دەیانناسێتەوە.

زانایان دەبێت بیسەلمێنن کە ئەو پلاستەرە دەتوانێت ئەو وردیلانە رابکێشێت و بیانناسێتەوە کە دەبنە هۆی شێرپەنجەی پێست، دەڵێن، دەرکەوتنی ئەنجامە کۆتاییەکان دوو ساڵ دەخایەنێت و دەگاتە ساڵی ٢٠٢١.

لە ئێستادا زانایان لە هەوڵی ئەوەدان کە نمونەی یەکەمی ئەم پلاستەرانە دابهێنن و دواتر لەسەر کەسانێکی خۆبەخش و تووشبووانی شێرپەنجەی پێست تاقیبکەنەوە، بۆئەوەی بیسەلمێنن کە ئەم پلاستەرە توانای ئەوەی هەیە کە شێرپەنجەی پێست ئاشکرابکات.

لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر ئەم  پلاستەرە بتوانێت شێرپەنجەی پێست ئاشکرابکات، ئەوا چیتر پێویست ناکات لە رێگەی دەرزییەوە پشکنین بۆ پێست بکرێت بەم شێوازەی ئێستا پزیشکان دەیکەن، بۆئەوەی نمونەیەک لە پێست دەربهێنن و شیبکەنەوە.

ژ.ن