هیوایەك بۆ چارەسەرى مەنگۆلەكان گەڕایەوە

2019-11-17

17161 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ساڵانێكی زۆرە مرۆڤایەتی پێیوایە دواكەوتنی ژیری لەلای مەنگۆلەکان(داون) چارەسەرناکرێت، بەڵام داهێنانێکى زانستى پزیشکى لە ئەمریکا هیوایەک دەداتە ئەو نەخۆشانە بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشیەکانیان.

زاناکان لە زانکۆى ''کالیفۆرنیا'' لە ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، پزیشک و لێکۆڵەرەوانى کۆلیژى پزیشکى ئەو زانکۆیە داهێنانێکى پزیشکى نوێیان بەدەستهێناوە، کە دەتوانێت چارەسەرى بنەڕەتى نەخۆشى مەنگۆلى بکات و، لە ئێستادا ئەو جۆرە چارەسەرە وەک هەر داهێنانێکى دیکەى پزیشکى سەرەتا لەسەر مشک تاقیکراوەتەوەو، سەرکەوتوو بووە لە چارەسەرکردنى ئەو نەخۆشیەدا.

 لێکۆڵەرەوان دەشڵێن، لەکاتى گواستنەوەى ئەمجۆرە چارەسەرە بۆ مرۆڤەکان مشتومڕێکى زانستى و ئەخلاقى زۆر بەدواى خۆیدا دەهێنێت، چونکە بە وتەى ئەوان ئەم جۆرە چارەسەرە کار لەسەر پێکهاتە و شێوازى کارکردنى کرۆمۆسۆمەکان دەکات.

زاناکان لە لێکۆڵینەوەکەیاندا بەدواداچونیان بۆ ئەو خانانەى مێشک کردووە کە بەرپرسە لە دەردانى پرۆتینى ''هایپۆکامپاڵ'' و بۆیان دەرکەوتووە، خانەکانى مێشکى ئەو مشکانەى کە نەخۆشى مەنگۆلییان هەیە بەبەراورد بە مشکە ئاساییەکان بەڕێژەى %٣٩ کەمتر ئەوجۆرە پرۆتینە دەردەکەن و، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى گەشەکردنى ژیرى لەلاى ئەو جۆرە نەخۆشانە دوابکەوێت و ڕوخساریشیان شێوەیەکى تایبەت وەربگرێت.

زاناکان لە چارەسەرەکەیاندا ئەو خانانەى مێشک بەجۆرێک چالاکدەکەنەوە، کە لەتوانایاندابێت بڕى پێویست لە پرۆتینى ''هایپۆکامپال'' بەرهەمبهێنن و بەوەش نیشانەکانى مەنگۆلى بەشێوەیەکى بەرچاو لە نەخۆشەکەدا کەمدەبێتەوە.

پرۆفیسۆر ''پیتەر والتەر''  کە یەکێکە لە لێکۆڵەرانى زانکۆى کالیفۆڕنیا دەڵێت، ئەو خانانەى مێشک بەجۆرێک چالاکدەکرێن کە بەردەوام چاودێرى تەندروستى نەخۆشەکە دەکات و کۆنتڕۆڵى ڕێژەى پرۆتینى لەش دەکات.

لە دەرئەنجامى ئەو لێکۆڵینەوەیەدا راگەیەندراوە، ئەو مشکانەى کە پێشتر نەخۆشى مەنگۆلیان هەبووە، پاش وەرگرتنى ئەو جۆرە چارەسەرە تواناى ژیرییان بەڕیژەیەکى بەرچاو زیادى کردووەو هەڵسوکەوتیشیان وەکو مشکە ئاساییەکانی لێهاتووە، ئومێد دەکەن ئەمجۆرە چارەسەرە بۆ مرۆڤەکانیش هەمان سەرکەوتن بەدەستبینێت.