بەرهەم حەسەن بە شیعرێک یادەوەری کۆڵانەکەیان دەنوسێتەوە

2019-11-17

7218 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەند بەرهەم حەسەن، بەشێک لە یادەوەریەکانی منداڵی کە لە سلێمانی بووە، بە شیعرێکی بیست بڕگەیی نوسیوەتەوە.

ئەو هونەرمەندە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی کردووە کە وێنەیەکی خۆیەتی بە هێلەک و تەزبیحێکی قەزوانەوە، هۆنراوەیەکی لەگەڵ وێنەکە پۆستی کردووە نوسیوێتی:

سڵاو ھاوڕێ یان

شیعرێک لەدایک بوو دوای ئەوەی کە زانیم ئەو گەڕەک و ماڵەی من چاوم تیا ھەڵھێنا ڕووخێنراو کرابە کۆشک .... دواھەمین ووێنەم چەند ساڵێک لەمەو بەر لەبەر دەمی ئەو خانوەی تیا ھاتمە دنیاوەو ئەو عەمودەی ھاوڕێ ی چاو شارکێ ی خۆم و ھاوڕێ کانم بوو .......

ئەوەی لەم خاکە بۆمن بەجیما

دار عەمودەکەی پێش دەرگای ماڵ بوو

گەلێ چاوشارکێم کردووە لەسایەی

ئەودەم وساتەی بەندە منداڵ بوو

ئەوئاسنە ساردەی زستان تەزیوو

ھاوینان قرچەی بەرخۆری گەرم

بۆیاری کردن لەتەک منداڵان

بووبوو بە خولیاو کەوتبوە سەرم

ھێندە یادگاریم تۆمارە لەلای

ھەر خۆی ئەتوانێت بیگێڕێتەوە

دەمی منداڵی ھێندە شیرین بوو

گەلێ ئەستەمە بیر بچێتەوە

چاوشارکێی زۆرم لەبن کردووە

بۆیاری زۆر جار

خۆم وون کردووە

ھەڵبژادنیش بێ فێڵ درۆبوو

بۆ خۆمان بەگی

ھەر فیکڵان کۆ بوو

ئەم دار عامودە شایەتێ حاڵە

مناڵی گەڕەک کوڕوکچان و لەگەڵیان بەندە

ھیچمان پێ نەبوو یاری پێ بکەین

بێجگە لەتەل و لەسەرە سۆدە

چوارتەختەی شکاو تەڵاشی دێرین

ئەمان خستەژێر

سێ چوار بۆڵبرین

خل ئەبوونەوە بەسەرەو بەجێم

گەلێک خۆشتر بوو

لە سواری بی ئیم

شیپ و میزراحی تەمتە مەلاری

ھەردامان ئەکوتا

بەمەرجی یاری

زۆر عەسران چێشتە قولێ باوی بوو

تەماتەو پیاز بوو

بەڵام لەزەتی تاسکە بابی بوو

وەک خۆشکو برا

کواوەک ئێستا بوو

جارجار کۆلارەی سێ کوچکە لایی

بەزەمق و قامیش

ئەڕۆیی حەوایی

شەوانیش مۆدی بەردەم دەرگابوو

عەرەبانەی تەل بە خێروو بە خوێش

دوو پیل دوو گڵۆپ

بۆ ڕۆشنایی پێش

یاری مان ئەکرد بەبێ جیاوازی

دڵخۆش و دڵگەش

پڕ لەئازادی

دواھەمین ووێنەم گرتووە لەشانی

بیری خستمەوە یادگاریەکانی

بەڵام ھەزار حەیف جوابیان بۆ ھێنام

ئەو عامودەشیان لەبن دەرھێنام

کردیان بەقەسروو کۆشکی

چەند نھۆم

ھەر ئەوەم مابوو کەیادگاربێ

بەڵام ئێستاکە .....

ئەویش زەوتە لێم .......

بەرھەم حەسەن، یەکێکە لە هونەرمەندەکانی کورد لە بواری گۆرانیدا کە خاوەنی چەندین ئەلبوومی هونەری و گۆرانی و ئاوازی تایبەت بە خۆیەتی ساڵانێکە خزمەت بە هونەری کوردی دەکات و لە ئێستاشدا لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبات.