٩ هەزار و ٥٠٠ دۆلار بۆ عەزییەک کە بوونی نییە

2019-11-15

7854 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ماوەیەک بەر لە ئێستا ریچارد ما بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کوانتستامپ بڕی ٩،٥٠٠ دۆلاری دا بە عەزییەک بۆ هاوسەرەکەی کە لە ڕاستیدا بوونی نەبوو.

ئەو بڕە پارەیە ئێجگار زۆرە بۆ تەنیا یەک عەزی، چجای عەزییەک بێت کە لە ڕووی فیزیاییەوە بوونی نەبێت، واتا تەنیا دیجیتاڵ بێت و لەنێو بەرنامە و شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکاندا بێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "BCC" عەزییەکە لەلایەن کۆمپانیای "The Fabricant"ەوە بە کۆمپیوتەر دروست کراوە و پاشان بە شێوەی دیجیتاڵ کراوەتە بەر وێنەیەکی خێزانی ریچارد تاکو بتوانێت وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنێت، ریچارد دەڵێت کە ڕاستە عەزییەکە زۆر گرانە بەڵام ئەو کارەی کردوویانە زیاتر وەک سەرمایەگوزارییەک وایە و پێشی وایە کە ١٠ ساڵی تر ناخایەنێت خەڵکی دەست دەکەن بە کڕینی جل و بەرگی دیجیتاڵ و ئەوەش دەبێتە مۆرکی ئەو دەیەیە.

Carlings digital fashion line

Carlings digital fashion line

شایەنی باسە جلوبەرگی دیجیتاڵ مۆدەیەکی نوێی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە گەنجان و بە تایبەت کەسایەتییە کاریگەرەکان خولیای بوون وکۆمپانیاکانی دیزاین وردە وردە خەریکن بازاڕسازی تیادا دەکەن، کۆمپانیای کارلینگزی تایبەت بەو بوارە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەستی کرد بە فرۆشتنی جلوبەرگی دیجیتاڵ کە هەر پارچەیەک لە ١١ دۆلارەوە دەستی پێدەکرد و توانی تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا تەواوی بەرهەمەکانی بفرۆشێت.

The Fabricant digital dress

بەرپرسانی کۆمپانیاکە چەند هۆکارێک دەبژێرن کاتێک لێیان دەپرسرێت خەڵکی بۆ ڕوو دەکەنە جلوبەرگی دیجیتاڵ لەوانە؛ خەڵکی چونکە هەندێک جلوبەرگی دڵخوازی خۆیان هەیە کە لە ڕاستیدا پێیان ناکڕدرێت بەهۆی گرانی نرخەوە یاخود بەردەست نەبوونی لە وڵاتی خۆیاندا، یان هەر کەسەکە خۆی حەزی بە لەبەرکردنی جلوبەرگ و خۆگۆڕین نیە بەڵام پێی خۆشە بە شێوەیەکی جوان دەربکەوێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

بیرۆکەی ئەم بازرگانییەش لە یارییە ڤیدیۆییەکانەوە هاتووە کە تیایاندا گەنجان هەزاران دۆلار لە جلوبەرگی کاراکتەرەکانی نێو یارییەکاندا خەرج دەکەن.

Characters in Epic Games Fortnite

ب.ع.