ڤیدیۆ.. منداڵێک بەهۆی توشبوونی بە شێرپەنجە لە دایەنگا دەرکرا

2019-10-18

9045 جار خوێندراوەتەوە

+ -

منداڵێکی میسری بەهۆی توشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە و وەرگرتنی چارەسەری کیمیاییەوە، کە وایکردووە جیاواز لە هاوڕێکانی دەربکەوێت لە دایەنگاکەی دەرکراوە.

لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆی کەناڵی میحوەری میسریدا، چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵێک و دایکی کراوە، کە بە وتەی دایکەکە، منداڵەکەی لە دایەنگا لەلایەن هاوڕێکانییەوە گاڵتە و توانجی لێگیراوە، دواتریش بەڕێوەبەری دایەنگەکە بەهۆی نەمانی قژی و تێکچوونی رەنگی روخساری منداڵەکەیان دەرکردووە.

ئادەم محەمەدی تەمەن پێنج ساڵ توشبووی شێرپەنجەیە کە لە ئێستادا چارەسەری کیمیایی وەردەگرێت، بەهۆیەوە قژی وەریوە و ڕەنگی روخساری تێکچووە، لە بەرنامەکەدا بەناوی "تۆ بەهێزی" رایگەیاندووە، دەیەوێت کە گەورەبوو ببێت بە پۆلیس.

بەهۆی چارەسەرە کیمیاییەکانی ڕوخساری وەک منداڵێکی ئاسایی دەرناکەوێت، کە ئەمەش وایکردووە منداڵەکانی تری ناو دایەنگاکە لێی بترسن ودایک و باوکی ئەو منداڵانە سکاڵایان تۆمارکردووە، هەربۆیە بەڕێوەبەری دایەنگاکە ئادەمی دەرکردووە.

چیرۆکی ئادەم بە خێرایی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، کە لە سوچێکی پۆلەکەیدا دوور لە هاوڕێکانی دانیشتووە، هەر ئەمەش دایک و باوکی ئادەمی ناچار کردووە سکاڵا بۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی بەرزبکەنەوە.

ئ.ل