چیرۆکی ئەو ئافرەتەی وازی لە چارەسەریی شێرپەنجەکەی هێنا بۆ پاراستنی کۆرپەکەی سکی

2019-09-21

50693 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە قۆناغی دووگیانیدا بریانا ڕۆڵینگنزی ئوستڕاڵی زانیویەتی، توشی شیرپەنجەی خوێن بووە، لەپێناو پاراستنی کۆرپەکەی سکی وازی لە چارەسەکردنی نەخۆشییەکەی هێناوە.

بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، ئەو دایکە لە نێوان هەڵبژاردنێکدا بووە کە ئایا کۆرپەکەی لەبار بەرێت یان تا چارەسەری کیمیای بۆ بکرێت، یان چارەسەرەکان رەت بکاتەوە بۆپاراستنی کۆرپەکەی، دایکەکە چارەسەرەکانی دواخست تا ئەو کاتەی کۆرپەکەی لەدایک دەبێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا ئەو دایکە وتویەتی "شانازی بە بڕیارەکەمەوە دەکەم، کاتێک هەواڵی نەخۆشییەکەم بیست توڕەبووم، هەستم نەکردبو ئەوەندە مەترسیدارە".

لەدوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر دووگیانییەکەیدا، پزیشکەکان بە نەشتەرگەریی منداڵەکەیان لە سکی دایکەکە دەرهێنا، منداڵەکەی کوڕبووە و ناوینابوو کیدن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ بەسەر لەدایکبوونەکەدا، منداڵەکەی بەهۆی زوو دەرهێنانی لە سکی دایکیدا مرد.

دایکەکە بە مردنی منداڵەکەی توشی داڕوخانی دەروونیی توند بووەوە، دەربارەی هەستی لە دەستدانی منداڵەکەی وتوویەتی "ئەو ڕۆژانەی لەگەڵ منداڵەکەم پێکەوە بەسەرمان دەبرد زۆر تایبەت بووە، ئەو ١٢ ڕۆژە باشترین ڕۆژەکانی ژیانم بووە".

دەستی بە چارەسەری نەخۆشییەکەی کردووە و دەرزی کیمیای بەکارهێناوە، هەروەک خۆی ئاشکرایکردووە بەڵێنی بە کوڕەکەیداوە کە بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵبێت ووتوویەتی "دەمەوێت لەم نەخۆشییە خراپە ڕزگارم بێت، پێم وایە دەتوانم ئەو کارە بکەم چونکە بەڵێنم بە کوڕەکەمداوە".

دوای کەمێک باشتر بوونی تەندروستیی، بەڵام لەناکاو توشی هەستیاریی و خورانێکی توندبووەتەوە، بەوهۆیەوە کۆچی دوایی کردووە، خوشکەکەی بە ڕۆژنامەکەی وتووە "هەست بە داڕوخانی تەواو دەکەین، بەڵام لەهەمان کاتدا دەزانین خوشکەکەمان هەرگیز بێهیوا نەبووە".

Doc-P-627143-637044825190976663.PNG

ئ.ل