​ئەلیسا پاش بڕیاری وازهێنانی یەکەم ڕوونکردنەوەی خۆی دەدات

2019-08-20

20668 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بڕیاری وازهێنانی خانمە هونەرمەندی لوبنانی ئەلیسا لە کاری هونەری وایکردووە گوێگران و بینەرانی تووشی شۆك ببن، چونکە بڕیارێکی لەناکاو و چاوەڕوان نەکراو بوو، ئەمەش وایکرد ئەلیسا دوای ئەو بڕیارە ناچاربێت ڕوونکردنەوە بدات و دۆخەکە روون بکاتەوە.

ئەلیسا رۆژی دووشەممە لە تویتێكدا نوسیبووی، "من بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە ئامادەکاری بۆ ئەلبومە نوێیەکەم دەکەن، ئەم ئەلبومە کۆتا کاری من دەبێت لە ژیانی هونەریمدا."

ئەوەشی نوسیوە، "بە دڵێکی پڕ لە غەمەوە ئەمە رادەگەیەنم، بەڵام بڕوایەکی تەواوم بەوە هەیە، چونکە من ناتوانم لە بوارێکدا کاربکەم پڕبێت لە مافیا."

دوای ئەم راگەیەندراوە، ژمارەیەکی زۆر لە هەواداران و گوێگرانی داوایانلێکرد بڕیارەکەی بگۆڕێت و هانیاندا بەردەوامبێت لەسەر کاری هونەری.

لە رۆژی سێشەممەدا ئەلیسا لە تویتێکی دیکەدا نووسی، "تاکە شت کە ئەتوانم ئێستا بیڵێم ئەوەیە کە خۆشمدەوێن ئەی باشترین هەوادارەکان، بیرتان نەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەلبومێکی نوێ بڵاودەبێتەوە."

هەر لە ماوەی رابردوودا بە هەواڵێکی دیکە ناوبراو هەوادارەکانی تووشی شۆک کرد، کە ڕایگەیاند تووشی شێرپەنجە بووە، وازهێنانی لە کاری هونەرییش دەبێتە دووەم هەواڵی ناخۆش بۆ هەوادارەکانی.

ئەلیسا زەکەریا خوریە لەدایکبووی ساڵی ١٩٧١ـە، خەڵکی لوبنانە و دایکی خەڵکی سوریایە، بەهۆی دەنگە خۆشەکەی و گۆرانییەکانیەوە نازناوی "شاژنی هەستەکانی" پێ دراوە، جگە لە کۆنسێرت و ئاهەنگ چەندین ڤیدیۆ کلیپ و ئەلبومی گۆرانیی بڵاوکردووەتەوە.

ژ.ن