عەلی کەریم جگە لە هاوسەرەکەی ئاشقی کێی ترە؟

2019-06-25

30416 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەند عەلی کەریم لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی ئێن ئاڕ تی دوو زانیاریی دەربارەی کۆمەڵێک لە کارەکانی و ژیانی تایبەتی خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کردووە جگە لە ژنەکەی ئاشقی ئافرەتێکی ترە.

عەلی کەریم ئاشکرایکرد، لە کاری هونەریی دوورنەکەوتووەتەوە و لە ڕەمەزانی رابردوودا لە زنجیرە فلمی "یوسف ناگەڕێتەوە" بەشداربووە لەگەڵ فلمی "بازاڕی کۆنەفرۆشان"ە، کە بۆ جەژنی ڕەمەزان پەخشکراوە و وەکو ئەکتەری سەرەکی بەشداربووە.

وتیشی، "کاری ئەکتەری ناکەم ئەگەر کاریگەریی لەسەرم دروستنەکات، ئەکتەرێکی ساختەچی نیم گاڵتە بە بینەر بکەم، دەبێت ئاوێتە بە کاراکتەرەکەبم وەک سایکۆلۆجی و شێوازی وتن کارم لێ بکات ئەوکات دەچمە بەردەم شانۆ و ڕۆڵەکە دەگێڕم."

دەربارەی ئاشقبوونی وتی، "هونەرمەندی باش ئەگەر ئاشق نەبێت واتە نەیتوانیوە سوود لە ئەزموونەکانی ژیانی خۆی ببینێت،" دەشڵێت، "سەدا سەد ئاشقم، ئەگەر لەگەڵ خێزانەکەم ئاشقبم واتە هیچم نەکردووە، بەڵکو ئاشقی کچان و ژنانی ترم."

لەبارەی ئەو دراما و فلمانەی کە هەڵیدەبژێرێت وتی، "سەرەتا سیناریۆ و دەقەکە دەخوێنمەوە، ئەگەر بە دڵم نەبوو ئەوا ئیشەکە قبوڵ ناکەم."

ڕایشیگەیاند، هونەرمەند نابێت لەپێناوی خۆدەرخستن و پارە خۆی بکات بە هونەرمەند، دەبێت راستگۆ بێت لەگەڵ بینەر و ئەو کاراکتەرەی کە ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، پێشیوانییە کە پێویست بکات هونەرمەند خانەنشین بکرێت.

سەبارەت بە دراما فارسی و تورکییەکان هونەرمەند عەلی کەریم وتی، "بەبێ نەتەوەکانی تر ناژیین، بەڵکو دەبێت تێکەڵبین و کارلێک بکەین، بەڵام هەندێک بەرهەمی خراپ لەگەڵ ئەوەدا نیم پەخشبکرێت."

بیروڕای خۆی دەربارەی هونەرمەندە نوێیەکان ئاشکراکرد، ئەوانەیان کە ئارەزوو و بەهرەیان هەیە هیوادارە سەرکەوتووبن، لەگەڵ ئەوەشدا یەکسەر نەچنە بەردەم کامێرا و ڕۆڵ بگێڕن، بەڵکو زیاتر خۆیان ڕۆشنبیر بکەن، سوود لە هونەرمەندانی تر و هونەرمەندە جیهانییەکان وەربگرن.

عەلی کەریم ساڵی ١٩٥٨ لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، خانەی مامۆستایانی لە کەرکوک تەواوکردووە، یەکەم کاری شانۆیی ساڵی ١٩٦٨ بووە بە بەشداریکردن لە شانۆییەکی چالاکیی خوێندنگاکان لە کەرکوک بە ناوی شانۆیی "فلوس الدوا‌و" یان "پارەی دەرمانەکە"، لە زیاتر لە ٥٠ بەرهەمی شانۆیی، دراما و فیلمی سینەمایی بەشداریکردووە.

لە دیارترین ئەو کارانەی عەلی کەریم تیایدا بەشداریی کردووە بریتین لە، "دراماکانی ژاڵە، ڕابوون، گەردەلول و ژیلەمۆ"، لەگەڵ فیلمە سینەماییەکانی مەرگی ئەرخەوانی، مەملەکەتی خۆر، فرمێسکی ڕەش، گەمەی پڕ لە گوناهـ، سڵاو گوڵەکانی پایز، دانیشتوانی عەلیاوا، گوڵچین و خەیاڵەکانی ڕۆستەم، بازاڕی کۆنەفرۆشان لەگەڵ یوسف ناگەڕێتەوە.

ئ.ل