کوردە: بەمنزیکانە نوێترین ئاوازی زیاد ئەسعەد بڵاودەکەمەوە

2019-06-25

17430 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندی گۆرانیبێژ کوردە عومەر ئاماژەی بە دوایین کاری هونەریی خۆی کردووە، کە یەکێکە لە ئاوازەکانی هونەرمەند زیاد ئەسعەد و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاویدەکاتەوە.

کوردە عومەر لە لێدوانێکیدا تایبەت بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی باس لە دوایین پەیوەندیی خۆی دەکات لەگەڵ هونەرمەند زیاد ئەسعەد و رایگەیاند، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دەربارەی کارێکی هونەری پەیوەندیی بە زیاد ئەسعەدەوە کردووە.

دەربارەی دەنگۆی نەخۆشکەوتنی زیاد ئەسعەد، کوردە ئاماژەی بەوە کرد، زۆر دڵگرانە بەو پڕوپاگەندانەی دەربارەی تەندروستیی ناوبراو دەکرێت، تەندروستیی زۆر باشە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە کوردە عومەر ئاشکرایکرد، لەسەر بەرهەمێک کە ئاوازی زیاد ئەسعەدە، کێشەیەکی دۆستانە لە نێوان خۆی و زیاد ئەسعەد و هونەرمەند تارا ڕەسوڵ ڕوویدا بوو، کە هۆکاری پەیوەندیکردنەکەی بووە بە زیاد ئەسعەدەوە.

وتیشی، "بە ڕەزامەندیی تارا ڕەسوڵ و ئاگاداریی ڕۆژنامەنووس عەبدولغەفار عەبدوڵا بەرهەمەکە بەخشراوە بە من و بەمزووانە گوێبیستی دەبن."

کوردە عومەر ساڵانێکی زۆرە کاری هونەری دەکات و زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەرەوەی کوردستان دەژی، خاوەنی چەندین بەرهەم و کلیپە و کاری دەرهێنانی بۆ چەندین هونەرمەندی دیکە کردووە، کاری دوێتی لەگەڵ کەمال محەمەد هەیە.

ئ.ل