چۆن بە رێگەیەکی دروست قژمان بشۆین بۆ ئەوەی بە جوانی بمێنێتەوە؟

2019-06-25

10609 جار خوێندراوەتەوە

+ -

شۆردنی قژ کارێکی گرنگ و رۆتینییە، بەڵام زۆرینەمان هەڵە دەکەین لە کاتی شۆردنی قژماندا کە ئەمەش زیان بە لایەنی تەندروستیی و جوانیی دەگەیەنێت.

لەکاتی شۆردنی قژدا دەبێت چەند خاڵێکی گرنگ پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە جوانییەکەی بکرێت و بە تەندروستیی بمێنێتەوە، بەم جۆرە:

زەیت پێش شامپۆ:

بەردەوام ٢-٣ کاتژمێر پێش خۆشتن زەیت بدە لە قژت و مەساجی بکە، دەتوانیت زەیتی گوێزی هیندی یان زەیتون یان هەر زەیتێکی گونجاو بۆ قژ بەکاربهێنیت، چونکە شامپۆ هەندێك ماددەی تێدایە کە زیان بە قژ دەگەیەنن و زەیتە سەرەکییەکانی قژ لەناودەبەن، بەکارهێنانی ئەم زەیتانەش رووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبنەوە.

ئاڵۆسکاوی قژی بکەرەوە:

پێش خۆشۆردن ئاڵۆسکاوییەکانی قژت لەیەکتر جیابکەرەوە بۆ ئەوەی لەکاتی خۆشۆردندا بە شانە زۆر راینەکێشیت، چونکە قژ کاتێك تەڕدەبێت لاواز و بێهێزە و بەئاسانی دەبچڕێت.

رێگای دروست بۆ شۆردنی قژ:

قژت بەباشی تەڕ بکە پێش شامپۆ:

پێش ئەوەی شامپۆ بدەیت لە قژت بۆ ماوەی خولەکێك ئاو بەسەرتدا بکە و بەباشی تەڕی بکە، هەروەها ئاوی شلەتێنی سارد بەکاربهێنە چونکە ئاوی گەرم قژ وشكەدەکات و کونیلەکانی پێستی سەر زیاتر دەکاتەوە.

بەکارهێنانی ئاوی سارد:

بەردەوام ئاوی سارد بەکاربهێنە بۆ شۆردنی قژت، تەنانەت ئەگەر لە کۆتا هەنگاویشدا بێت.

بە توندی قژت مەشۆ:

بە توندی قژت مەشۆ و نینۆك لە بنبێخی قژت مەدە، هەروەها لەکاتی وشكکردنەوەیدا بە خاولی بە توندی پێیدا مەهێنە، چونکە ئەمە زیانی پێدەگەیەنێت.

شامپۆکە شل بکەرەوە:

هەموو جارێك شامپۆکە بە بڕێك ئاو شل بکەرەوە ئینجا بیدە لە قژت، بۆ ئەوەی کەمتر کاریگەریی لەسەر پێستی سەر و قژ هەبێت.

شێدارکردنەوەی قژ:

هەرگیز بەلسەم نەدەیت لە بنبێخی سەرت و تەنها بیدە لە بەشی خوارەوەی قژت بۆ ئەوەی وشك نەبێت، دواتر بەباشی بیشۆ.

شانەکردنی قژ:

لە حەمامدا قژت شانە بکە و شانەکە بە بنبێخی سەرتدا بهێنە، چونکە ئەمە یارمەتیدەرە لە چالاککردنی سوڕی خوێن لەو ناوچەیەدا.

بەکارهێنانی ماسك بۆ قژ:

زۆرینەی خانمان ماسک بۆ قژیان ناکەن و بە پێویستی نازانن کە ئەمەش هەڵەیە، پێویستە لە هەفتەیەکدا دووجار ماسک بۆ قژ بکرێت بۆ ئەوەی پارێزگاریی بکرێت لە بچڕان و وشكبوونی.

ژ.ن