پیاوە دارینەکە پاش ٢٥ نەشتەرگەریی داوا دەکات دەستی ببڕنەوە

2019-06-25

113764 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پیاوێك لە بەنگلادیش کە بە ناوی "پیاوی دارین" ناسراوە، داوا دەکات دەستی ببڕنەوە بۆ ئەوەی لەو ئازارە ڕزگاری ببێت کە بە هۆی نەخۆشییەکی پێستیی دەگمەنەوە تووشی بووە.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی روسیا تودەی ئاماژەی بەوەکردووە، ئابۆل باجندەر تەمەن ٢٨ ساڵ، تاوەکو ئێستا ٢٥ نەشتەرگەری بۆ کراوە بە مەبەستی چارەسەری کردنی ئەو نەخۆشییە بۆماوەییەی تووشی بووە، کە بە " epidermodysplasia verruciformis" دەناسرێت و وادەکات جۆرێك ماددە لەسەر دەستی گەشە بکات کە لە دار دەچێت.

لە ساڵی ٢٠١٧ پزیشکان پێیان وابوو کە توانیویانە چارەسەری بکەن پاش ئەوەی پێنج کیلۆگرام لەو ماددە گەورەیەیان لە دەستی کردەوە، بەڵام لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا دووبارە نەخۆشییەکەی سەریهەڵدایەوە.

لە مانگی کانوونی دووەمدا باجندەر گەڕایەوە بۆ نەخۆشخانەی دکای پزیشکی " DMC" بۆ ئەوەی دووبارە چارەسەری ئەم ماددەیە بکەن کە لەسەر دەست و قاچی گەشەی کردووەتەوە.

باجندەر بە ئاژانسی فرانس پێسی وتووە: چیتر ناتوانم بەرگەی ئەم ئازارە بگرم، شەوانە ناتوانم بخەوم، داوام لە پزیشکان کردوە کە دەستم ببڕنەوە بۆ ئەوەی بتوانم کەمێك هەست بە ئارامی بکەم". لەلایەکی دیکەوە دایکی پشتگیریی لەم داوایەی کرد و وتی: بەلایەنی کەمەوە لەم ئازارە رزگاری دەبێت.

سامانتا لال سین سەرۆکی پزیشکەکان لە نەخۆشخانەکە وتی: ئەو پزیشکانەی کە سەرپەرشتی حاڵەتەکەی باجندەر دەکەن بە داواکەیدا دەچنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا چی بۆ ئەو باشە ئەوەی بۆ دەکەن.

لە جیهاندا کەمتر لە شەش کەس هەن کە بەم حاڵەتەوە دەناڵێنن، نەخۆشخانەی دکای پزیشکی لە ساڵی ٢٠١٧دا توانی چارەسەری کچێك بکات کە هەمان نەخۆشی هەبووە، بەڵام میدیاکانی هیندستان لەدواتردا ئاماژەیان بەوەکردووە کە دووبارە دۆخی تەندروستیی تێكچووەتەوە.

ژ.ن