ڤیدیۆ.. فێڵی جادوگەرێک بە گیانی خۆی کۆتاییهات

2019-06-20

87497 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چانچال لاهیری، جادووگەری هیندی لەکاتی نمایشی یەکێک لە فێڵەکانی "هاری هودینی" سیحربازیی ئەفسانەیی هیندیدا بە دەست و پێی بەستراوی، لەناو ڕووبارێکدا خۆی نقم کردووە دواتر لاشەکەی دۆزراوەتەوە.

چاوەڕوان دەکرا چانچال لاهیری لەژێر ئاوەکەدا دەست و پێی بکاتەوە و بە مەلە بگەڕێتەوە سەر ڕووی ئاوەکە، بەڵام هیچ ئاسەوارێکی لەناو ڕووباری هوگلی لە ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوا نەبینراوە، دوای ٣٠ خولەک لە دیار نەمانی ئامادەبووانی نمایشەکە پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردووە.

ئێوارەی دوو شەممەی رابردوو پۆلیسی ناوچەکە لە دووری چوار کیلۆمەتر لەو شوێنەی کە خۆی خستبووە ئاوەکەوە لاشەکەی دۆزیوەتەوە، میناس کۆلکاتا جێگری بەڕێوەبەری پۆلیس راگەیاندووە، برای لاهیری لاشەکەی ناسیوەتەوە، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە لەسەر ڕووداوەکە.

لاهیری نمایشەکانی بە ناوی "ماندرەیک Mandrake"ەوە پێشکەش دەکرد و لەناو بەلەمێکدا چووە ژێر ئاوی ڕووبارەکەوە و بەرەو قوڵایی چوو، لەکاتێکدا دەست و پێیەکانی بە شەش قفڵ و یەک زنجیر بەسترابوونەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی، ئەو جادووگەرە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی حوزەیران چووەتە ژێر ئاوەکەوە و ئامادەبووان لەناو دوو کەشتیی تردا شاهیدی نمایشەکە بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە کەناری ڕووبارەکە و سەر پردە مێژووییەکەی هوارە ئامادەی بینینی بوون، پۆلیس و تیمێکی ژێرئاو بەردەوام بوون لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی لاشەکە ئێوارەی دووشەممە لاشەکەی دۆزرایەوە.

جایانت شاو وێنەگری دیمەنە ناوخۆکانی میدیا، بۆ بی بی سی وتی، "پێش نمایشەکە لەگەڵ لاهیری چاوپێکەوتنی کردووە و لێی پرسیوە، بۆچی گیانی خۆت دەخەیتە مەترسییەوە بۆ سیحر؟" ئەویش وتوویەتی، ئەگەر کارەکە بە دروستی ئەنجامبدەم ئەمە سیحرە ئەگەر هەڵە بکەم دەبێتە تراژیدیا".

ئەوە یەکەم نمایشی لەو جۆرەی چانچال لاهیری نەبووە و، ٢٠ ساڵ لەمەوپێش نمایشێكی لەناو سندوقێکی شوشەی داخراودا ئەنجامدا و توانیی لەماوەی ٢٩ چرکەدا لەژێر ئاوەکە بگەڕێتەوە.

پێشتر "هاری هودینی" جادووگەری ئەفسانەیی هیندی، نهێنیی کارەکانی بە شاراوەیی هێشتەوە و ڕازی کردنەوەی قفڵەکانی لەژێر ئاودا بە کەس نەوتووە و، بەمە ناوبانگێکی بۆ خۆی دروستکردبوو.

ئ.ل