چەند وێنەیەکى نەبینراوى هێرشەکانى ١١ى سێپتەمبەر بڵاوکرانەوە

2019-06-20

30951 جار خوێندراوەتەوە

+ -

شارەزایانى بوارى کۆکردنەوەى بەڵگەکان لەسەر ڕووداوەکانى ١١ى سێپتەمبەر ٢٤٠٠ وێنەیان دەستکەوتووە کە تائێستا بڵاونەکراونەتەوە.

ئەو شارەزایانە لە کاتى کڕینى چەند سیدییەکدا لە فرۆشتنى کەلوپەلى ماڵێکى نزیک لە ڕووداوەکەى ١١ى سێپتەمبەر لە شارى نیۆیۆرک ئەو وێنانەیان دەستکەوتووە، کە ڕۆژى ڕووداوەکەى بە ناوى زەوى هیچ(Ground Zero) لێنراوە.

دەشڵێن سیدییەکە کۆن وخراپبووە بەڵام توانیویانە چارەسەرى بکەن و وێنەکان بەدەست بخەن و لە پێگەى فلیکەر هەڵیبگرن.

لە ئەلبوومەکەدا بەپێى ژمارە وێنەکانى شوێنى ڕووداوەکە ڕێکخراون لە ئاسمانەوە و لە زەوییەوە و چۆن کرێکارەکان لەو ناوچە وێرانەیەدا خەریکن بە کارەکانیانەوە لە باڵەخانەى ناوەندى بازرگانى جیهانیەوە.

لە هێرشەکانى ١١ى سێپتەمبەردا کە چەند کەسێکى خۆکوژ فڕۆکەى مەدەنییان بەکارهێناوە بۆ هێرشەکانیان لە نیۆیۆرک و واشنتۆن و فرۆکەیەکیشى لە کێڵگەیەکى ولایەتى پەنسلڤانیا کەوتەوە و بەهۆیەشەوە نزیکەى سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

دکتۆر جۆناسان برجیس کە یەکێکە لەو شارەزایانەى کە وێنەکانى کۆکردوەتەوە ڕایگەیاند، زۆر کەس گاڵتەیان دێت بەوەى لەکاتى کڕینێکى لەو جۆرەدا کە پێداویستیە بێکەڵکەکانى کاڵاى ناو ماڵ دەفرۆشرێت ئەو جۆرە وێنە گرنگانەت دەست بکەوێت.

دەشڵێت، لەگەڵ جۆسان سکوتى هاوڕێى لەوکاتەدا لەوێ نەبوونایە ئەوا ئەو سیدییانە لەگەڵ زبڵ وخاشاکەکان دەگوزرانەوە بۆ ناوچەى زبڵدان و پاشەڕۆکان.

برجیس ووتیشى، وەک شتێکى موعجیزە وابووە کاتێک توانیویانە ئەو سیدییانە بدۆزنەوە کە بۆ ئەو سەردەمى ١١ى سێپتەمبەر دەگەڕێتەوە و خراپبووە و کوالێتییەکەشى بەرز نەبووە.

بۆیە ئەو شارەزایانە سەردانى کۆمپانیایەکى تایبەتیان کردووە لەو بوارەدا بۆ گەڕاندنەوەى وێنە و زانیاریەکان.

برجیس دەڵێت، لەگەڵ هاوڕێکەى خۆشحاڵ نین لەبەرئەوەى تا ئێستا نەیانتوانیوە وێنەگرەکە یان لە کەسە نزیکەکانى کە ئەو وێنانەیان گرتووە بدۆزنەوە.

لە کۆتاییدا دکتۆر برجیس دەڵێت، بڵاوکردنەوەى ئەو جۆرە وێنانە کارێکى گرنگە بۆ خزمەت بەرژەوەندى مرۆڤایەتی و ئەوانەشى پێى کاریگەر دەبن با بیبەخشن بە هەر ڕێکخراوێک کە خۆیان هەڵیدەبژێرن.

بەپێى ئامارەکانى ناوەندى خۆپارێزى و کۆنتڕۆڵکردنى نەخۆشیەکان لە ئەمریکا زۆربەى ئەوانەى بەشدارییان کردووە لە پرۆسەى ڕزگارکردن لە کاتى ڕووداوەکەى ١١ى سێپتەمبەردا ڕاستەوخۆ توشى نەخۆشى بوون.  

ئاماژە بەوەشکراوە، نزیکەى ٤٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانى ناوچەکە و ئەوانەى لەو کاتەدا لەوێبوون بەرکەوتەیان لەگەڵ مادەى ترسناک هەبووە یان بەهۆى هێرشەکانەوە برینداربوون.

ب.ب