عەینەدین: بۆ گۆرانی نەبێت خەڵک منی بۆچییە؟

2019-06-19

47017 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەند و گۆرانیبێژی میللی عەینەدین لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە ئێن ئاڕ تی دوو، ئەو شتەی ئاشکرا کرد کە پاش مردنی خۆی بەجێی دەهێڵێت.

لە میانەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی ئێوارەی ئێن ئاڕ تی دوو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەینەدین ئەوەی ئاشکرا کرد، چەند گۆرانییەکی لەسەر کاسیەتێک تۆمارکردووە بۆ ئەوەی دوای مەرگی منداڵەکانی بڵاوی بکەنەوە.

لە بەرنامەکەدا لەبارەی هۆکاری ئەوکارەی وتی " بۆ ئەوەی دوای مردنم ئەگەر حەزیان لێبوو منداڵەکانم دەتوانن بڵاوی بکەنەوە، ئەگەر حەزیان لێی نەبوو ئەو کارەبکەن، دەتوانن کاسیەتەکە وەک خۆم ببەنە گۆڕ".

ئامانجی لەوکارەش ئەوەیە کە پاش مەرگیشی لە هەوادارەکانی دانەبڕێت، لە هەمان کاتدا کەسانێک ئەم کاسیەتە لە منداڵەکانی بکڕن بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بەڕاستی کڕیاری هونەرن و قەدری هونەریان لایە.

لەکاتی بەرنامەکەدا دوو مۆبایلی پێبوو، بەهۆی ئەوەی تەلەفۆنی زۆر بۆ دەهات، لەوەڵامی پرسیارێکی هەودا ئەحمەد پێشکەشکاری بەرنامەکەدا لەبارەی زۆریی پەیوەندییەکانەوە وتی "بۆ گۆرانی نەبێت خەڵک منی بۆچییە". زۆرینەی خەڵک داوای چەند گۆرانییەکم لێدەکەن، بەتایبەت گۆرانییەکی حسێن عەلی بەناوی ئەڕۆی بۆ مەکتەب کە پێشتر وتوومەتەوە، جگە لەوەش گۆرانی فەلەک راست بڕۆ و زۆربەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان.

عەینەدین هونەرمەندێکی دیاری میللییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێیە، لەتەمەنی ١٢ ساڵیدا یەکەمین گۆرانی لە رادیۆ وتووە بەناوی شەهێن گیان، خۆی دەڵێت هەریەکە لە حەسەن زیرەک و عەلی مەردان و تاهیر تۆفیق و حسێن عەلی و محەمەد عارف جزیری و محەمەد حەسن جزیریی هاندەری بوون بۆ گۆرانیوتن، ٤٤ ساڵە لە بواری هونەری گۆرانیوتندا بەردەوامە، جگە لە دانیشتن و ئاهەنگ تا ئێستا چەندین ئەلبووم و کاسیەتی گۆرانی تۆمارکراوی هەیە و بەردەوامە. لە فلمی کوێستانی قەندیلی هونەرمەند تەها کەریمیدا وەک یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکان رۆڵ دەبینێت.

لەم ڤیدیۆییەدا تەواوی چاوپێکەوتنەکەی هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەینەدین ببینە