فەیسبووکەکەت چی لەبارەی تەندروستیتەوە دەڵێت؟

2019-06-19

3726 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دەکرێت هەژمارەکەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێك نهێنی لەبارەی ژیانتەوە ئاشکرا بکات بۆ نمونە حاڵەتی تەندروستیت دیاری بکات.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بەوەکردوە، لە توێژینەوەیەکی نوێدا توێژەران توانیان پێشبینی ٢١ جۆر لە حاڵەتە تەندروستییەکانی بەشێك لە بەکارهێنەرانی فەیسبووك بکەن، لەوانە دووگیانی یان کێشەکانی پێست.

بۆ ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیەش توێژەران راپۆرتە پزیشکییە ئەلکترۆنییەکانیان پەیوەندیدار کرد بە هەژماری ئەو کەسانەی بەشداربوون لە توێژینەوەکەدا.

بەگشتی زانایان سەیری بڵاوکراوەکانی ٩٩٩ بەشداربوویان کرد، کە بڵاوکراوەکانیان زیاتر لە ٥٠٠ وشە دەبوون.

توێژینەوەکە ئەوەی دۆزیوەتەوە، لە رێگەی فەیسبووکەوە دەتوانرێت پێشبینی نەخۆشیی و حاڵەتە تەندروستییەکانی بەشێك لە بەکارهێنەران بکرێت وەك شەکرە، نەخۆشییە مێشکییەکان لەوانە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی.

وا بڕیارە ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری "بلۆس وان" بڵاوبکرێتەوە کە گۆڤارێکی زانستیی گشتییە.

توێژینەوەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کەسایەتی  بەکارهێنەر و حاڵەتی مێشكی و رەفتارەکانی لە  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەنگدانەوەی دەبێت، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر تەندروستیی دەبێت.

ژ.ن