پاسێک لەگەڵ تێکچوونی تەندروستیی شۆفێرەکەیدا دەوەستێت

2019-06-17

2249 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بۆیەکەمجار پاسێک دروستدەکرێت کە لەگەڵ تێکچوونی تەندروستیی شۆفێرەکەیدا دەوەستێت.

کۆمپانیای دروستکەری ئۆتۆمبێلی "هینۆ مۆتۆرز"ی ژاپۆنی، بەمنزیکانە پاسێکی نوێ دەخاتە بازاڕەکانەوە کە توانای دیاریکردنی حاڵەتی شۆفێڕەکەی هەیە، ئەگەر باری شۆفێرەکە باش نەبێت ئەوا بەشێوەی ئۆتۆماتیکی دەوەستێت.

بیرۆکەی کارەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، لەم ساڵانەی پێشوودا حاڵەتەکانی "جەڵتەی دڵ، بێهۆش بوون و کێشەکانی تری تێکچوونی لە ناکاوی باری تەندروستیی جەستە لەناو شۆفێرانی  ئۆتۆمبێلە گەورەکانی وەک پاس و بارهەڵگرەکاندا زۆر بووە.

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە سیستمێکی نوێی دیزاینکردووە کە دەتوانێت ئەم حاڵەتە چارەسەربکات، لەناو ئەم پاسەدا کە بۆ یەکەمجارە لە جیهاندا دروستبکرێت، کامێرایەک بۆ کۆنتڕۆڵی دۆخی جەستەی شۆفێڕەکە دانراوە بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێکی نائاسایی وەکو چەمانەوەی سەر و خەستە بەهەرلایەکدا بناسێتەوە.

ئەگەر هەرگۆڕانێکی نائاسایی لە جەستەی شۆفێرەکەدا ڕووبدات و ئۆتۆمبێلەکە بە خێڕایی ٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا یان زیاتر بەسەر هێڵەکانی شەقامەکاندا بڕوات و بەبێ ئەوەی شۆفێرەکە کاردانەوەیەکی هەبێت، سیستمەکە ڕاستەوخۆ ئۆتۆمبێلەکە دەوەستێنێت.

پاسی جۆری سێلگا S'elega  تایبەت بەم تەکنەلۆژیا نوێیە، بڕیارە لە ١ی تەمووزی ٢٠١٩ لە بازاڕەکانی ژاپۆندا نمایش بکرێت.