جادووگەرێک لە کاتی نمایشێکدا دیارنەما

2019-06-17

37798 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چانچال لاهیری، جادووگەری هیندی لەکاتی نمایشی یەکێک لە فێڵەکانی "هاری هودینی" سیحربازیی ئەفسانەیی هیندیدا بە دەست و پێی بەستراوی، لەناو ڕووبارێکدا نوقم بووە و دیارنەماوە، پێدەچێت گیانی لەدەستدابێت.

چاوەڕوان دەکرا چانچال لاهیری لەژێر ئاوەکەدا دەست و پێی بکاتەوە و بە مەلە بگەڕێتەوە سەر ڕووی ئاوەکە، بەڵام هیچ ئاسەوارێکی لەناو ڕووباری هوگلی لە ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوا نەبینراوە، ئامادەبووانی نمایشەکە پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردووە و پۆلیس تا ئێستاش لە گەڕاندایە بەدوای ئەو جادووگەرەدا.

لاهیری نمایشەکانی بە ناوی "ماندرەیک Mandrake"ەوە پێشکەش دەکرد و لەناو بەلەمێکدا چووە ژێر ئاوی ڕووبارەکەوە و بەرەو قوڵایی چوو، لەکاتێکدا دەست و پێیەکانی بە شەش قفڵ و یەک زنجیر بەسترابوونەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی، ئەو جادووگەرە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی حوزەیران چووەتە ژێر ئاوەکەوە و ئامادەبووان لەناو دوو کەشتیی تردا شاهیدی نمایشەکە بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە کەناری ڕووبارەکە و سەر پردە مێژووییەکەی هوارە ئامادەی بینینی بوون، پۆلیس و تیمێکی ژێرئاو تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام بوون لە گەڕان، بەڵام جادووگەرەکەیان نەدۆزیوەتەوە و پۆلیس بە ڕۆژنامەی "هیندوستان تایمز"ی راگەیاندووە، تا لاشەکەی نەدۆزنەوە ناتوانن بە فەرمی مردنەکەی ڕابگەیەنن.

جایانت شاو وێنەگری دیمەنە ناوخۆکانی میدیا، بۆ بی بی سی وتی، "پێش نمایشەکە لەگەڵ لاهیری چاوپێکەوتنی کردووە و لێی پرسیوە، بۆچی گیانی خۆت دەخەیتە مەترسییەوە بۆ سیحر؟" ئەویش وتوویەتی، ئەگەر کارەکە بە دروستی ئەنجامبدەم ئەمە سیحرە ئەگەر هەڵە بکەم دەبێتە تراژیدیا.

ئەوە یەکەم نمایشی لەو جۆرەی چانچال لاهیری نەبووە و، ٢٠ ساڵ لەمەوپێش نمایشێكی لەناو سندوقێکی شوشەی داخراودا ئەنجامدا و توانیی لەژێر ئاوەکە بگەڕێتەوە.

پێشتر "هاری هودینی" جادووگەری ئەفسانەیی هیندی، نهێنیی کارەکانی بە شاراوەیی هێشتەوە و ڕازی کردنەوەی قفڵەکانی لەژێر ئاودا بە کەس نەوتووە و، بەمە ناوبانگێکی بۆ خۆی دروستکردبوو.