گۆران نوری سوپرایزەکەی ئاشکراکرد

2019-05-26

7313 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندی گۆرانیبێژ گۆران نوری ئاشکرایکرد، دوای جەژن نوێترین ڤیدیۆکلیپی بڵاودەکاتەوە کە کارێکی غەربییە و جیاوازە و لەو بڕوایەدایە ببێت بە باشترین کلیپ کە تا ئێستا کرابێت.

لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی گۆران نوری وتی، "ئەم کلیپە یەکێکە لە تراکەکانی ئەلبومە تازەکەم بە ناوی (بۆم بۆم)، کارێکە بە ستایلی غەربیانە کراوە، بۆئەوەی وەك چۆن گەنجەکانی ئێمە گوێ لە گۆرانیی بیانی دەگرن، خەڵکانی دەرەوەش بتوانن گوێ لە گۆرانیی ئێمە بگرن."

لەبارەی کلیپی گۆرانییەکەوە وتی، "ماوەیەك پێش ئێستا داوەت کرام بۆ یەکێك لە ئیڤێنتە (مەراسیمە) گەورەکانی ئەوروپا، کە لە ئیسپانیا کراوە و یەکەم هونەرمەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم کە بانگکرابێتم بۆ ئەو فێستیڤاڵە، کە ساڵانە دەکرێت، ئەمەم باسنەکردبوو لە هیچ بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا تا ئەو کاتەی توانیم ئامادەبم لەو کارە گەورەیەدا."

وتیشی، "لەوێدا گۆرانیم وت و بە هەزاران کەس ئامادەبوون لەو ئیڤێنتەدا و گوێیان لە گۆرانییەکەی من گرت، ئەمە بۆ من زۆر خۆشبوو کە ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵکی ئەوروپی  گوێ لە من دەگرن، کە بە کوردی گۆرانیم دەوت و لەگەڵ ئەو گۆرانییەدا سەمایان دەکرد، هەر بۆیە بەشێك لەو دیمەنەم کردووەتە ڤیدیۆکەوە و لەوێدا ئەوە دەبینن."

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لەوە بەشێکی دیکەی کلیپەکە لە ئیسپانیا و بەشێکیشی لە مەکسیك کراوە، ئەڕێنجی گۆرانییەکە ئاریۆس نوسیوویەتی و تێکستی گۆرانییەکە حەمە سەعید ئیبراهیمە، کلیپەکە لەلایەن رۆژ پڕۆدەکشنەوە کراوە و پێشەوا نەبەرد کارەکانی کلیپەکەی بۆ کردووم.

ئەوەشی ئاشکراکرد، دوای جەژن بڵاویدەکاتەوە و لەوبارەیەوە دەڵێت، "لەو بڕوایەدام باشترین کلیپ بێت کە تا ئێستا کرابێت، چونکە ئەو ئیڤێنتە (مەراسیمە) گەورەیە کە من لەوێ بووم بەشێکدەبێت لە کلیپەکە."

ژ.ن