ڤیدیۆیەکی سەرسوڕهێنەری شەمەندەفەری مانگی دەستکرد لە بۆشایی ئاسماندا

2019-05-26

12121 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە دیمەنێکی سەرسوڕهێنەر و دەگمەندا کە پێشتر نەبینراوە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس ٦٠ مانگی دەستکردی دوابەدوای یەک ناردە بۆشایی ئاسمان، کە ئەمە بەشێكبوو لە پڕۆژەی پەیوەندییەکانی ئینتەرنێتی خێرا کە ناوی "ستارلینك"ی لێ نراوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی سپەیس دۆت کۆم ئاماژە بەوە کراوە، مارکۆ لانگبروك پسپۆڕ لە بواری چاودێریکردنی مانگە دەستکردەکان لەو ڤیدیۆیەدا کە تۆماری کردووە، مانگە دەستکردەکان بە شێوەی شەمەندەفەرێك دەرکەوتوون کە پێكهاتبێت لە ٦٠ عەرەبانە و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە بە ئاسماندا دەسوڕێنەوە.

مارکۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی مانگە دەستکردەکانی سەربە تۆڕی "ستارلینك"ی ئینتەرنێتی خێرا دەڵێت، "بینەری ئەو ڤیدیۆیە بن کە تۆمارمکردووە، ئامادەبن بۆ بینینی ئەو دیمەنە سەرسوڕهێنەرە."

لە ڤیدیۆکەدا مارکۆ توانیوویەتی وێنەی ٥٦ مانگی دەستکرد بگرێت، کە بە ئاسماندا دەڕۆشتن وەك ئەوەی شەمەندەفەرێکی درەوشاوە بن یاخود زنجیرەیەك مرواری بن لە ئاسمانی ساماڵی شەودا.

سپەیس ئێکس ئەم مانگە دەستکردانەی ناردووە بۆ بەرزی ٤٤٠ کیلۆمەتر لە زەوییەوە و تا نزیکی ٥٥٠ کیلۆمەتر ڕۆشتوون.

مارکۆ ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم دیمەنە شتێك نییە مرۆڤ هەموو رۆژێك بتوانێت لە ئاسماندا بیبینێت، ئەم شەمەندەفەرە دوو یان سێ جار لە شەوێکدا بە ئاسماندا دەسوڕێتەوە تا ئەو کاتەی هەریەکە لە مانگە دەستکردەکان بڵاودەبنەوەوە و لە شوێنی تایبەت و دیاریکراوی خۆیاندا دەوەستن.

  ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە مووشەکێك لە جۆری فاڵکۆن 9 لە بنکەی کیپ کانافیڕاڵ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکییەوە دەرچوو کە ٦٠ مانگە دەستکردەکەی هەڵگرتبوو.

کۆمپانیای ناوبراو پلانی ئەوەی هەیە کە ١٢ هەزار مانگی دەستکردی دیکە بنێرێتە بۆشایی ئاسمان کە تایبەت دەبن بە هەمان پڕۆژە.