سناپچات سیخوڕی بەسەر هەندێك لە بەکارهێنەرانییەوە دەکات

2019-05-26

9050 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەشێك لە فەرمانبەرانی کۆمپانیای سناپچات تۆمەتی ئەوەیان لەسەرە کە سیخوڕی بەسەر بەکارهێنەرانەوە دەکەن لە ڕێگەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ناوەکییەکان.

بەگوێرەی ماڵپەڕی زە سەنی بەریتانی، فەرمانبەرانی سناپچات دەتوانن بگەن بە تایبەتمەندیی "SnapLion " کە بۆ ئەوە دیزاینکراوە زانیارییەکان لەبارەی بەکارهێنەرانەوە کۆبکاتەوە بەپێی یاسا، سیخوڕییەکەش بە مەبەستی "قازانجی تاکە کەسی" ئەنجامدراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەك کە ماڵپەڕی "ڤایس" لەگەڵ کارمەندەکانی پێشووتر و ئێستای کۆمپانیای سناپچات ئەنجامیداوە، بە مەبەستی ئەوەی دڵنیابێت لە هۆکاری سیخوڕییەکە، دەرکەوت، کارمەندەکان دەتوانن بگەن بە زانیارییە تایبەتییەکانی بەکارهێنەرەکان، وەك لۆکەیشن، وێنە هەڵگیراوەکانیان، ژمارەی تەلەفۆنەکانیان و ئەدرێسی ئیمەیڵەکانیان.

تایبەتمەندی " SnapLion "  بە مەبەستی یاسایی و رێگەپێدراو کاری پێدەکرێت، لەسەر داوای جێبەجێکردنی لایەنە یاساییەکان دروستکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە هەندێك لە فەرمانبەرەکان بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاریانهێناوە.

یەکێك لە فەرمانبەرەکان لەوبارەیەوە وتی، "دەزانین کە ئەم تایبەتمەندییە چەندجارێك بە خراپی بەکارهێنراوە بۆ گەیشتن بە داتا و زانیاریی بەکارهێنەران بە ڕێگەیەکی نایاسایی."

هەروەها کۆمپانیای سناپچات دەڵێت، "ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە ورد نییە بەڵام مایەی دڵەڕاوکێیە، چونکە پاراستنی زانیاریی بەکارهێنەران بابەتێکی گرنگە لە سناپچاتدا، ئێمە یاسا و ڕێنوێنی زۆر توند و بەهێزمان هەیە بۆئەوەی زانیاری و داتاکانی بەکارهێنەران بە مەبەستی دیکە بەکارنەهێنرێن."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "گەیشتن بە داتاکانی بەکارهێنەران بەبێ ئەوەی رێگەیان پێ بدرێت، بە پێشێلکارییەکی روون دادەنرێت بۆ یاساکانی کۆمپانیاکە و لە حاڵەتێکدا کە ئاشکرابکرێت، ئەوا رێوشوێنی یاسایی دەگیرێتە بەر."

ژ.ن