فەیسبوک پارەی دیجیتاڵی تایبەت بەخۆی دروستدەکات

2019-05-25

2055 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆمپانیای فەیسبوک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دارایی ئەمریکا و بەریتانیا کۆبوەوە بۆئەوەی مۆڵەت وەربگرێت و کار بـــە پارەی دیجیتاڵی یاخود کریپتۆ کەرنسی ( Cryptocurrency )  خۆی بکات.

پلانی فەیسبووک ئەوەیە تاکو ساڵی ٢٠٢٠ پارە دیجیتاڵییەکە لە چەند وڵاتێکدا نمایش بکات، ناوە سەرەتاییەکەی پارە دیجیتاڵیەکەی فەیسبوک گلوباڵ کۆین (سکەی جیهانی) یە.

 مارک زوکەربێرگ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە مانگی ڕابردوو لەگەڵ مارک کارنی سەرۆکی بانکی ناوەندی بەریتانیا کۆبوەوە و دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە گڵۆباڵ کۆین گفتۆگۆیان کردووە.

سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی نێتۆرک مامەڵەیەکی داراییە، بە گشتی لامەرکەزیە، بەبێ دەزگاکانی وەک بانکی نێودەوڵەتیی ئەنجام دەدرێت، بیت کۆین لە پارەدانی دیجیتاڵیدا لایەنگری زۆری هەیە و لەدوای ئەو چەند جۆرێکی تری پارەی دیجیتاڵی کەوتنە بازارەوە.

فەیسبوک دەیەوێت نرخی پارە دیجیتاڵیەکەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بێت، ئەمەش پێچەوانەی پارە دیجیتاڵییەکانی دیکەی وەکو بیت کۆینە ( bit coin )  کە نرخی ناوەندیی نییە و نرخی بەرامبەر بە پارەکانی ئێستا جیاوازیەکی زۆری هەیە.

فەیسبوک لەگەڵ کەسایەتیەکانی دەوڵەت و نوێنەرانی دارایی تایبەتدا لە پەیوەندیدایە تاکە حەواڵەی پارەکە هەرزانتربێت و بەبێ بەکارهێنانی هەژماری بانکی کارەکە بکرێت.

 پێشتریش فەیسبوک هەوڵیدابوو کە شێوازی پارەدانی تایبەت بە خۆی دروست بکات و  بیخاتە بەردەستی بەکاربەرانیەوە، بەڵام دوای دوو ساڵ کە پێشوازییەکی ئەوتۆ لە پرۆژەکە نەکرا کۆتایی پێهێنا.

ئەگەر ئەم پارە دیجیتاڵیەی فەیسبوک پێشوازی لێبکرێت، ئەم کۆمپانیایە کە ٢ ملیار بەکاربەری هەیە زانیارییەکی زۆری لەسەر چۆنیەتی پارە خەرجکردنی کۆمەڵگاکانی بەدەست دەگات.

فیسبوک