مامەڵەی حەسەن ڕۆحانی لە چوار ساڵی ڕابروودا لەگەڵ دۆزی کورد

مامەڵەی حەسەن ڕۆحانی لە چوار ساڵی ڕابروودا لەگەڵ دۆزی کورد
19/05/2017

8080 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەرچەندە حەسەن ڕۆحانی بە کەسێکی میانڕەو دادەنرێت و داوای کرانەوە و پێکەوە ژیان و ئازادی دەکات، بەڵام لەماوەی چوار ساڵی سەرۆک کۆماریەکەیدا، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دۆزی کوردا بەدی نەهاتوە و دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕانکاریی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.

دەستگیرکردن و لەسێدارەدان و کوشتن، وەک هەمیشە لەبەرامبەر هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوامیی هەبووە و داخستنی گۆڤار و بڵاوکراوە کوردیەکانیش، بەڵگەن بۆ ئەوەی، کە بەردەوام ئازادیەکان لە کەمبوونەوە و بەرتەسکبوونەوەدان.

بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو کە چاودێرى دۆخی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، لە مانگی ئایاری ٢٠١٣ەوە هەتاوەکو مانگی ئایاری ئایاری ٢٠١٧، ٣٥ گۆڤار و بڵاوکراوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا داخراون.

بەپێی ئەو ئامارانە، لەماوەی حوکمی ڕۆحانیدا، ٤٠٤ هاوڵاتی کورد، بەتۆمەتی سیاسی دەستگیرکراون و بەکۆی هەموویان ١٧٨٥ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە، واتە بە تێکڕای نزیکەی چوار ساڵ و پێنچ مانگ بۆ هەریەکێکیان.٢٠٢٠ کوردی تریش بەتۆمەتی سیاسی و مەزهەبی دەستگیرکراون.

ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە لەماوەی ئەو چوارساڵەدا، سزای لەسێدارەدان بەسەر ٣٢٨ هاوڵاتی کورددا جێبەجێکراوە، کە زۆرینەیان لە زیندانەکانی کەرەج و ئورمیەدابوون. لەسێدارەدراوەکان ٢١کەسیان ژن و ٣٠٧یان پیاو بوون و ٧ کەسیان بەتۆمەتی سیاسی لەسێدارە دراون.

دۆخی کۆڵبەرەکانی سەر سنور، وەک هەمیشە لەخراپتریندایە، ئامارەکانی چوار ساڵی دەسەڵاتی ڕۆحانی دەریدەخەن کە لەوماوەیەدا، ١٩٥ کۆڵبەر کوژراون و ٢٤٩ کۆڵبەری تریش برینداربوون، زۆرینەی ئەو کوژراو و بریندارانەش، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوون. هەر لەو ماوەیەدا، ٤٨ کۆڵبەر دەستبەسەرکراون و سەدان ئەسپی کۆڵبەرەکان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە، کوژراون.

چاودێرانى دۆخى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەڵێن ئەم ئامارانە، نیشاندەری ئەو ڕاستیەن، کە دروشمەکانی ڕۆحانی سەبارەت بە ئازادی و مافی مرۆڤ، یان جێبەجێناکرێن، یاخود لە دەرەوەی سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەئەنجام دەگەن. ئەوە بەدەر لەوەی کە لەماوەی سەرۆککۆماریەکەیدا، ڕۆحانی ئەوپەڕی هەوڵیدا بۆ نزیکبوونەوە و کرانەوە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانیتردا، بەڵام هیچ هەوڵێکی نەدا بۆ دانوستان لەگەڵ هێزەکوردیەکانی ڕۆژهەڵات و پێدانی مافی کورد.

ع.م