سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان: بەبۆنەى کۆچى دواى نەوشیروان مستەفاوە ماتەمینى سەرتاسەرى ڕادەگەیەنین

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان: بەبۆنەى کۆچى دواى نەوشیروان مستەفاوە ماتەمینى سەرتاسەرى ڕادەگەیەنین
19/05/2017

93889 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، بەبۆنەى کۆچى دواى نەوشیروان مستەفاوە، بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە، ماتەمینی سەرتاسەریی ڕادەگەیەنن.

ئەمڕۆ یوسف محەمەد سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان پرسە و سەرەخۆشى خۆى ئاراستەى کەسوکارى نەوشیروان مستەفا کرد و وتى "بەداخ و خەمێکی قوڵەوە، ئەمڕۆ کاک نەوشیروان مستەفا سەرکردە و کاریزمایەکی گەورە و یەکێک لە سیمبولە کەم وێنە و مەزنەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد کۆچی دوایی کرد".

هەروەها وتیشى "نەوشیروان مستەفا، دۆست و نەیارەکانی، وەک لوتکەی پاکی و خۆنەویستی و نیشتماندۆستی و خاک دۆستی تەماشای دەکەن".

سەرۆکى پەرلەمان ئەوەشى وتووە، بەدەر لەوەی وەک سەرکردەیەکی مەزن و کاریگەر، لە ناوەوەی ڕوداوە گەرمەکانی نیو سەدەی خەباتی گەلەکەمان ئامادەییەکی گەورەی هەبووە، کاک نەوشیروان توێژەر و مێژوونووس و ئەدیبێکی دیار بوو، "ساغکردنەوەی دەیان بابەت و پرسی مێژوویی و ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی کوردی لە قۆناغە جیاوازەکانی نەتەوەکەماندا، بەڵگەیەکی تری کاریگەریی و قورسایی ئەو دەخاتە ڕوو".

یوسف محەمەد ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، کاک نەوشیروان بەدەر لە سەرکردە و مامۆستا و هاورێ، بۆ ئێمە پشت و پەناو سەرچاوەی راوێژ و رێنمایی کارمان بووە بۆ کاری پەرلەمانیی.

لەکۆتایى پرسەنامەکەیدا سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دەشڵێت "هیوادارین و خەون و هیواکانی نەوشیروان مستەفا، بە درووشمی (خۆنەویستی و خاکی بوون و خزمەتکاریی هاوڵاتیان) درێژە پێ بدەین!".

ئەمڕۆ هەینى بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، بڕیاریشە سبەینێ لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی تەرمەکەی لە گردی زەرگەتە بەخاک بسپێردرێت.

نەوشیروان مستەفا کێیە؟

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ش.ع