قادرى حاجى عەلی: نەمانتوانیوە جێگاى نەوشیروان مستەفا پڕ بکەینەوە

قادرى حاجى عەلی: نەمانتوانیوە جێگاى نەوشیروان مستەفا پڕ بکەینەوە
19/05/2017

32323 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەڵسوڕاوێکى دیارى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، لەو ماوەى کە نەوشیروان مستەفا نەخۆش بوو، نەیانتوانی جێگەى پڕبکەنەوە و کەس جێگاى ئەو پڕناکاتەوە.

قادرى حاجى عەلی، هەڵسوڕاوى دیارى بزوتنەوەى گۆڕان  بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند "بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر رێبازەکەى نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبێت".

هەروەها وتیشى "کاک نەوشیروان تەنیا لە ئێمە نەڕۆشتووە و دەورى زۆرى هەبووە لە بزوتنەوەى کوردایەتیدا، دەبێت تەحەمول بکەین و جێگاکەى پڕبکەینەوە".

قادرى حاجى عەلى ئەوەشى وت "دادەنیشین و ڕێکدەکەوین لەسەر ئەوەى کە چۆن ئەم بزوتنەوەیە بەرەو پێشەوە ببەین".

ئەمڕۆ هەینى بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، بڕیاریشە سبەینێ لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی تەرمەکەی لە گردی زەرگەتە بەخاک بسپێردرێت.

نەوشیروان مستەفا کێیە؟

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ش.ع