ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بۆ کۆچى نەوشیروان مستەفا سێ ڕۆژ ماتەمینى ڕاگەیاند

ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بۆ کۆچى  نەوشیروان مستەفا سێ ڕۆژ ماتەمینى ڕاگەیاند
19/05/2017

18925 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ڕایگەیاند، بەبۆنەى کۆچى دواى نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتى گۆڕان سێ ڕۆژ ماتەمینى لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین ڕادەگەیەنین.

ئەمڕۆ هەینى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى پرسە و سەرەخۆشى خۆى ئاراستەى کەسوکارى نەوشیروان مستەفا کرد و دەڵێت "بە داخ و پەژارەیەکى زۆرەوە ئەمڕۆ هەواڵى کۆچى دواى نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و سەرکردەى ماندونەناسى دیار و بیرمەندى گەلەکەمان پێگەیشت، کە دواى زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەباتى کەم وێنە و بەهۆى نەخۆشیەوە ژیانئاوایى لێکردین".

لە بەشێکى ترى پرسەنامەکەدا هاتووە، ''بەبۆنەى کۆچى دوایى ئەم سەرکردە تێکۆشەرەوە و بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و ماندوبونى و پێویستى ئەم سەرکردەیە بۆ ئەم قۆناغە و گەورەیى کۆستەکە سێ ڕۆژ ماتەمینى لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین ڕادەگەیەنن".

هەر لە پرسەنامەکەدا ئەوەش هاتووە، ماتەمینیەکە جگە لە وەزارەتەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا و تەندروستى، ئەو فەرمانگانەش کە حاڵەتى تایبەتیان هەیە دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینى بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، بڕیاریشە سبەینێ لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی تەرمەکەی لە گردی زەرگەتە بەخاک بسپێردرێت.

نەوشیروان مستەفا کێیە؟

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.

ش.ع