ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٥ ساڵ لەمەوبەر

ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٥ ساڵ لەمەوبەر
19/05/2017

7951 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دواى ڕاپەڕینەکەى ئازارى ١٩٩١، بەرەى کوردستانى کە لە ٧ حزب پێکهاتبوو لەلایەن تاڵەبانى و بارزانی بە هاوبەشى سەرکردایەتى دەکەن، لەگەڵ حکومەتى بەعس کەوتنە دانوستانەوە، بەڵام دانوستانەکان دواى چەند مانگێک هیچ ئەنجامێکى لێ نەکەوتەوە.

حکومەتى عێراق دواى ٢٦ى تشرینى یەکەمى ١٩٩١ دەستىیکرد بە کشانەوەى دام و دەزگا ئیدارییەکانى لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى بەرەى کوردستانى.

دواى ئەو ڕووداوە بەرەى کوردستانى لیژنەیەکى ١٥ کەسى ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنى ڕەشنوسى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.

ڕۆژى ٢٨ى نیسانى ١٩٩٢ سەرکردایەتى سیاسى بەرەى کوردستانى ڕاپۆرتى لیژنە تایبەتەکەى لەژێر ناوى  یاساى ژمارە یەک بۆ ساڵى ١٩٩٢ى  هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نیشتمانى کوردستانى عێراق پەسەند کرد.

ڕۆژى  ١٩ى ئایارى ١٩٩٢ یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام درا.
لایەنە سیاسیەکان بە حەوت لیست بەشداریان کرد و دیارترین لیستەکان، لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان و لیستى هاوبەشى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و حزبى زەحمەتکیشانى کوردستان و لیستى لایەنە ئیسلامیەکان بوون.

لە یاساى خولى یەکەمى هەڵبژاردنەکاندا بەربەستى لە سەدا ٧ بۆ لیستەکان دانرابوو، واتە هەر لیستێک دەبوایە ئەو ڕێژەیەى دەنگدەران بەدەستبهێنێت ئەوسا دەیتوانى بچێتە نێو پەرلەمانەوە و کورسى پەرلەمانى بۆ خۆى مسۆگەر بکات.

لەو هەڵبژاردنەدا سەرجەمى ٩٧٢ هەزار کەس دەنگیاندا و تەنها دوو لیستى پارتى و یەکێتى توانیان بەربەستى لە سەدا ٧ تێپەرینن و پارتى لە سەدا ٤٥ و پۆینت ٥ى دەنگەکانى بەدەستهێنا و یەکێتیش لەسەدا ٤٣ و پۆینت ٦١ى دەنگەکانى بەدەستهێنا و دواتر هەردوولا کورسیەکانى پەرلەمانیان لە نێوان خۆیاندا پەنجا بە پەنجا دابەشکرد.

ژمارەى کورسیەکانى پەرلەمانى کوردستان ١٠٥ کورسى بوو، کە بە بڕیارێکى بەرەى کوردستانى ٥ کورسى کۆتا بۆ مەسیحییەکان تەرخانکرابوو.

یەکەمین سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان جەوهەر نامق سالم بوو لە پارتى دیموکراتى کوردستان.

دواى هەڵگیرساندنى شەڕى ناوخۆ لە ئایارى ١٩٩٤ پەرلەمان بووە قوربانى شەڕەکە و گەرچى لە سەرەتاى شەڕەکەدا پەرلەمان لە یاداشتێکى ١٩ خاڵیدا ئیدانەى شەڕەکەى کرد و ٥٩ پەرلەمانتاریش بۆ ئیدانەکردنى شەڕى ناوخۆ لە هۆڵیکى پەرلەمانى کوردستاندا بۆ ماوەى ١٠١ ڕۆژ مانیان گرت.

دواى کۆتایى هاتنى شەڕى ناوخۆ پاش ٨ ساڵ و لە ساڵى ٢٠٠٢ دا پەرلەمانى کوردستان جارێکى دیکە دەستى بە کارەکانى کردەوە.

پەرلەمانى کوردستان خۆى ئەم قۆناغەى بە قۆناغى گواستنەوە ناوبردوە و تا ساڵى ٢٠٠٥ درێژەى کێشا.

هەڵبژاردنەکانى خولى دووەمى پەرلەمانى کوردستان لە ٣٠ کانونى دووەمى ٢٠٠٥ هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاکاندا ئەنجامدرا.

لەم خولەدا ١٣ لیست بەشداریان کرد و یەکێتى و پارتى و یەکگرتووى ئیسلامى و چەند لیستێکى دیکە بە لیستى هاوبەش دابەزین و لەسەدا ٨٩ى دەنگەکانیان بەدەستهێنا و عەدنان موفتیش بووە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان.

ئەم خولەى پەرلەمان زۆرترین ڕەخنەى لەسەر بوو بەوەى ناکارایە و تەنها بڕیارى مەکتەبى سیاسى حزبەکان پەسەند دەکات.

هەڵبژاردنەکانى خولى سێیەمی پەرلەمانى کوردستانیش لە ٢٥ى تەموزى ٢٠٠٩ ئەنجامدرا.

لەم خولەدا بۆ یەکەمجار ئۆپۆزسیۆن دروستبوو، بەرەى ئۆپۆزسیۆن خاوەن ٣٥ کورسى بوو کە بریتى بوون لە بزوتنەوەى گۆڕان ٢٥ کورسى و یەکگرتوى ئیسلامى خاوەن ٦ کورسى و کۆمەڵى ئیسلامى خاوەن ٤ کورسى لە پەرلەمانى کوردستاندا.

بۆ یەکەمجار لە کابینەى شەشەمى حکومەتدا ئۆپۆزسیۆن هەوڵیدا متمانە لە حکومەتى هەرێم بسێنێتەوە کە بەرهەم ساڵح سەرۆکى حکومەت بوو، بەڵام هەوڵى ئۆپۆزسیۆن سەرى نەگرت.

هەڵبژاردنەکانى خولى چوارەمیش ڕۆژى ٢١ى ئەیلولى ٢٠١٣ ئەنجامدرا و ٣١ لیست بەشدارییان کرد و ١٧ لیست توانیان کورسى پەرلەمانى بەدەستبێنن، لەم خولەى پەرلەماندا تەنها بزوتنەوەى ئیسلامى بە یەک کورسى بووە ئۆپۆزسیۆن.

بەڵام ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان کەمتر لە دوو ساڵ توانى لە کارەکانى بەردەوام بێت، دواى ئەوەى لە ١٢ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٥ ڕێگرى لە سەرۆکى پەرلەمان کرا بگەڕێتەوە سەر کارەکەى لە شارى هەولێر و لەو کاتەشەوە تائێستا پەرلەمان پەکخراوە و سەرجەم هەوڵەکانى بۆ کاراکردنەوەى شکستى هێناوە.

ع.م