گەرمیان.. بەهۆی کەوتنی یارییەکەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا

گەرمیان.. بەهۆی کەوتنی یارییەکەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا
19/05/2017

19723 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پۆلیسى گەرمیان ڕایگەیاند، بەهۆى کەوتنى یارییەکى منداڵانەوە لە قەزاى کەلار دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا.

ئەمڕۆ هەینی ڕائیدی مافپەروەر، عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژى پۆلیسی گەرمیان لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی کەوتنی یاریەکی منداڵانەوە لە گەڕەکی ئاوارەکانی قەزای کەلار دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و سێ منداڵى تریش برینداربوون.

هەروەها وتیشى "منداڵەکان کە هەردووکیان تەمەنیان پێنج ساڵە و ناویان (سەنیا محەمەد کەریم) و (پەریا فوئاد سالم) و سێ منداڵی دیکەش برینداربوون".

وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان ئەوەشى وتووە، بە ووتەی خاوەنی ئەو یاریگایه کە لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (٤١١) بەندکراوە بەهۆی ڕەشەباوە ئەو یاریە وەرگەڕاوە و لەئەنجامدا ئەم کارەساتەی لێکەوتۆتەوە.

قەدورى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لەئێستاشدا لەسەر چۆنێتی و هۆکاری ڕووداوەکە پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.

ش.ع