یەکەم گەشتی ئاسمانی لە دیمەشقەوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجامدرا

یەکەم گەشتی ئاسمانی لە دیمەشقەوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجامدرا
19/05/2017

10201 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی یەکەم گەشتی کۆمپانیای فلای داماس بۆ فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بە ئاراستەی شاری سلێمانی دەستی پێکرد، ئەویش لە چوارچێوەی پلانی کۆمپانیاکە بۆ فراوانکردنی گەشتەکانی دەرەوەی بۆ وڵاتانی هاوسێ.

ئەیمەن ئاراغلی بەرێوەبەر جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان هەفتانە لە ڕۆژی هەینیدا گەشتێک لە سوریاوە بۆ شاری سلێمانی ڕێکدەخات، لەگەڵ دابینکردنی پاسی نەفەربەر لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ شاری هەولێر و بە پێچەوانەشەوە.

ئاراغلی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکەیان سورە لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست و کاردەکات بۆ پێکەوەبەستنەوەی وادەی گەیشتنی گەشتەکانی سلێمانی دیمەشق لەگەڵ کاتی گەشتەکانی لە دیمەشقەوە بۆ قامیشلۆ.

دانا مەجید لێپرسراوی ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠١٧،  بە دیجتاڵ میدیای ئین ئاڕ تی عەرەبی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق ڕێککەوتوون بۆ دەستپێکردنی گەشتی هەفتانەی ڕاستەوخۆ بۆ پایتەختی سوریا و بە پێچەوانەوە.

سەرباری شەڕو نائارامییەکانی ناوخۆی سوریا کە نزیکەی شەش ساڵە درێژەی هەیە، هێشتا فڕۆکەخانەی دیمەشق گەشتی تێدا ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ئاماری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ساڵ بەساڵ ڕێژەى هاوردەکردنی شتومەک و پێداویستیی هاووڵاتییان لەڕێگای فرۆکەخانەکەیانەوە ڕووى لە زیاد بوونە. بەرپرسانی فرۆکەخانەکە زیادبوونی ئەو ڕێژەیە بە گەشەیەکی ئابووریی گەورە بۆ شاری سلێمانی ناودەبەن.

ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ فڕۆکەی بارهەڵگر لە سلێمانی دەنیشنەوە، زۆرترین ئەو شتومەکانەی لە فڕۆکەخانەى سلێمانییەوە هاوردە دەکرێن، ئاژەڵی زیندوو و مۆبایلن.

کۆمپانیای داماش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤دامەزراوە  وەک کۆمپانیایەکی نیشتیمانی تایبەت، کە کاردەکات لە بواری گەشتی ئاسمانی و گەشتەکانی لە دیمەشقەوە بۆ شاری قامیشلۆ دەستپێکردووە و دواتریش بۆ چەند وڵاتێکی عەرەبی وەک سودان و کوەیت.

ع.م