تەڤگەرى ئازادى: بوونی نەوشیروان مستەفا بۆ هەلومەرجى ئێستای کوردستان پێویست بوو

تەڤگەرى ئازادى: بوونی نەوشیروان مستەفا بۆ هەلومەرجى ئێستای کوردستان پێویست بوو
19/05/2017

7234 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دەستەى هاوسەرۆکایەتیى تەڤگەرى ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان بەبۆنەوەى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕانەوە ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "کۆچى دوایى کاک نەوشیروان خەسارەتێکى گەورەیە بۆ گەلى کورد، چونکە بوونی كەسایەتیەكی وەكو نەوشیروان مستەفا بۆ هەلومەرجى ئێستا پێویست بوو".

لە ڕاگەیاندراوەکەى دەستەى هاوسەرۆکایەتیى تەڤگەرى ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستاندا، نەوشیروان مستەفا بە کەسایەتییەکى شۆڕشگێڕ و ماندونەناس پێناسەکراوە و نووسراوە "كۆچی ئەم كەسایەتیەی كورد، كە بەدەیان ساڵە لە گۆڕەپانی تێكۆشانی سیاسی كورددا تێكۆشان دەكات، كەلێنێكی گەورەی لەنێو ماڵی كورددا دروستكرد و بووە كۆستێك بۆ گەلەكەمان".

لە ڕاگەیاندراوەکەى تەڤگەرى ئازادیدا ئەوەش نووسراوە "لە هەلوومەرجی ئێستای كوردستاندا هەبوونی كەسایەتیەكی وەكو نەوشیروان مستەفا پێویستیەك بوو كە دەیتوانی رێنیشاندەر و هێزێك بێت بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی كە هەن".

تەڤگەرى ئازادى لە کۆتایى ڕاگەیاندراوەکەیدا سەرەخۆشیى لە کەسوکاریى نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەى گۆڕان و گەلى کورد دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ شۆڕش حاجى وتەبێژى بزووتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا ڕیکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان لە کاتژمێر ٨ى ئەم بەیانییەدا لەدواى ململانێیەکى سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، کۆچى دوایى کرد.

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان لە تەمەنى ٧٣ ساڵیدا کۆچى دوایى کرد و بڕیارە سبەى کاتژمێر ١٠ى سەرلەبەیانى لە گردى زەرگەتەى شارى سلێمانى بە خاک بسپێردرێت.

تاوەکو ئێستا بەبۆنەى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفاوە چەندین پەیامى سەرەخۆشى ئاڕاستەى بنەماڵە و کەسوکار و لایەنگران و ئەندامانى بزووتنەوەى گۆڕان کراون.

ر.م