مەحمود سەنگاوی: گەلى کورد ئەمڕۆ سەرکردەیەکى مەزنى لەدەستدا

مەحمود سەنگاوی: گەلى کورد ئەمڕۆ سەرکردەیەکى مەزنى لەدەستدا
19/05/2017

41173 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مەحمود سەنگاوى ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى بەبۆنەى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕانەوە ڕایگەیاند، گەلى کورد ئەمڕۆ سەرکردەیەکى مەزنى لە دەستدا، بەڵام زیندووە لە مێژووى کورد و مرۆڤایەتیدا.

مەحمود سەنگاوى ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بەبۆنەوەى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان پەیامێکى بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەیدا هاتووە "ئەمڕۆ سەرکردەیەکی مەزن لە ئاسمانی سیاسی و تروسكاییەكی ئاسۆی پڕ لە سەختی و ناسۆری گەلەکەمان لەناو تەمومژی ئەم بەیانییەدا جێی هێشتین و كۆستێكی گەورەی کردە میوانی ماڵی سیاسی و ڕۆشنبیری کورد و گریانێكی ناوەختی كردە میوانی هەموومان".

ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى ئەوەشى نووسیوە "بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە  هەواڵی کۆچی لەناکاوی سەرکردە و بیرمەند و سیاسەتمەداری گەورەی کورد و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کاک (نەوشیروان مصطفی)م پێگەیشت و گەلی کورد ئەمڕۆ سەرکردەیەکی گەورە و مەزنی لەدەستدا، بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە سەربەرز و تێکۆشەر و منداڵ و هاوڕێبازەکانی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان و گەلی کورد بە گشتی دەکەم".

لە بەشێکى ترى پەیامەکەى مەحمود سەنگاویدا ئەوەش هاتووە "کاک نەوشیروان، شۆڕە سواری هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ و سەرکردە و ڕێبەرێکی گەورەی هەڵکەوتوو لە بواری پێشمەرگایەتی و سیاسەت و ڕۆشنبیری بوو، کاک نەوشیروان بۆ زۆربەمان مامۆستا و سەرکردە و فێرکەری هەم سەردەمی شاخ و شاریشمان بوو".

لە درێژەى پەیامەکەى مەحمود سەنگاویدا بە بۆنەى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕانەوە باسى ئەوە کراوە "کاکە (نەوە) برا گەورە و سکرتێر و چاوساخی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی ڕابەری چینی هەژار و کرێکاران بوو لە سەردەمێکی حەساس و پڕ جۆش و خرۆشدا، هەر بۆ خۆشی ئەندازیار و نەخشە کێشی زۆرێک لە وێستگە سەخت و دژوارەکانی شۆڕش و ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینیش بوو. لە دوای ڕاپەڕینیش، ڕێبوارێکی نەفەس درێژ  بوو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا، هەربۆیە لە دەستدانی ئەم سەرکردە مەزنە، ئەم بیرمەندە گەورەیە، ئەم خەباتگێڕ و شۆڕشگێرە ماندونەناسە، جێگای داخ و پەژارەی هەموو تاکێکی نیشتیمانی پەروەری ئەم خاکەیەو لە دەستدانی کاکە (نەوە) کەلێنێکی گەورەیە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا و خەسارەتێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد".

لە کۆتایى پەیامەکەى ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیدا نووسراوە "لە کۆتایدا هیوادارم، بیروباوەڕی پیرۆزی کاک (نەوشیروان) هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە و هاوڕێبازانی کاک (نەوشیروان) درێژە بە ڕێبازەکەی بدەن کە ڕێبازی چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و ئاشتیە لە هەرێمی کوردستاندا، و هەروەها هیوادارم پێکەوە  بەرەو بەدیهێنانی ئاشتی و تەبای و یەکڕیزی بۆ گەلەکەمان هەنگاو بنێین".

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ شۆڕش حاجى وتەبێژى بزووتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا ڕیکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان لە کاتژمێر ٨ى ئەم بەیانییەدا لەدواى ململانێیەکى سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، کۆچى دوایى کرد.

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان لە تەمەنى ٧٣ ساڵیدا کۆچى دوایى کرد و بڕیارە سبەى کاتژمێر ١٠ى سەرلەبەیانى لە گردى زەرگەتەى شارى سلێمانى بە خاک بسپێردرێت.

تاوەکو ئێستا بەبۆنەى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفاوە چەندین پەیامى سەرەخۆشى ئاڕاستەى بنەماڵە و کەسوکار و لایەنگران و ئەندامانى بزووتنەوەى گۆڕان کراون.

ر.م