عەلى باپیر: کۆچى دواى نەوشیروان مستەفا لەم ئان و ساتەدا کەلێنێکی گەورە بەجێدەھێڵێت

عەلى باپیر: کۆچى دواى نەوشیروان مستەفا لەم ئان و ساتەدا کەلێنێکی گەورە بەجێدەھێڵێت
19/05/2017

769 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى ڕایگەیاند، بێگومان کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەم ئان و ساتەدا کەلێنێکی گەورە بەجێدەھێڵێ.

ئەمڕۆ هەینى عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى  پرسە و سەرەخۆشى خۆى و حزبەکەى ئاراستەى کەسوکارى نەوشیروان مستەفا و گۆڕان کرد.

لە بەشێکى پرسەنامەکەیدا هاتووە، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا سەرکردەی دیار و بەرجەستەی گەلەکەمانەوە، بەناوی خۆم و تێکڕای سەرکردایەتیی و ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامییەوە، سەرەخۆشییتان لێ دەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانین و، لەخوای میھرەبان داوکارین جێگای بەھەشت بێت و، ئارامیی و ئۆخژنیش بە ئێوە ببەخشێت.

لەبەشێکى ترى پرسەنامەکەیدا هاتووە "بێگومان کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەم ئان و ساتەدا کەلێنێکی گەورە بەجێدەھێڵێ و، ھیوادارم ھەموولایەک بە گیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانەوە بتوانین ئەو کەلێنە پڕبکەینەوە و گەلەکەمان دڵخۆش و ئاسوودە بکەین".


ئەمڕۆ هەینى بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، بڕیاریشە سبەینێ لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی تەرمەکەی لە گردی زەرگەتە بەخاک بسپێردرێت.

نەوشیروان مستەفا کێیە؟

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.

ش.ع