دلاوەرى حاجى عوسمان: نەوشیروان مستەفا توانى خەڵک بخاتە سەر ڕێگاى شکاندنى بتەکان

دلاوەرى حاجى عوسمان: نەوشیروان مستەفا توانى خەڵک بخاتە سەر ڕێگاى شکاندنى بتەکان
19/05/2017

45418 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەڵسوڕاوێکى دیارى بزوتنەوەى گۆران ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا توانى خەڵک بخاتە سەر ڕێگاى شکاندنى بتەکان و گرنگە خەڵکیش ڕێبازەکەى بەرنەدەن.

دلاوەرى حاجى عوسمان هەڵسوڕاوى دیارى گۆران بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند "هیچ وشەیەک نییە بۆ وەسفى ئەو نە شتێک هەیە قەرەبووى پێ بکرێتەوە، هەموو میللەتى کورد قەرزاربارى ئەون، کە توانى خەڵک بخاتە سەر ئەو ڕێگایەى کە بتەکان بشکێنێت".

هەروەها وتیشى، نەوشیروان مستەفا لە شاخ سەرکردەیى و لەشار ڕێنیشاندەرى بووە "هەمیشە ئامۆژگارى کردوین کە خزمەتکار بین و نەهێڵین دز و گەندەڵ ئەم وڵاتە تاڵان بکات".

هەڵسوڕاوەکەى گۆڕان ئەوەشى وت "ئەوەى پێویستبوو نەوشیروان مستەفا بە خەڵکى وت، گرنگ ئەوەیە خەڵک دواى ڕێبازە پیرۆزەکەى بکەون و ڕێبازەکەى بەرنەدەن".

لەبارەى ڕێبازى نەوشیروان مستەفاوە، دلاوەرى حاجى عوسمان وتى "مەگەر بە مردن ڕێبازەکەى بەربدەین و ئەو ڕۆژەش کە مردین دەچینە لاى ئەو".
ئەمڕۆ هەینى بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، بڕیاریشە سبەینێ لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی تەرمەکەی لە گردی زەرگەتە بەخاک بسپێردرێت.

نەوشیروان مستەفا کێیە؟

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.

ش.ع