ڤیدیۆ.. منداڵێکی کورد لەماوەیەکی کەمدا دەبێتە ستاری سۆشیاڵ میدیا

ڤیدیۆ.. منداڵێکی کورد لەماوەیەکی کەمدا دەبێتە ستاری سۆشیاڵ میدیا
17/05/2017

130150 جار خوێندراوەتەوە

+ -

روخسارێکی گەش کە تێکەڵەیە بە چەند بەهرەیەکی خۆڕسک، وایانکردووە کە ئاریۆس لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ببێتە جێی سەرنجی بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نەک هەر ئەوە بەڵکو کۆمپانیاکانی ڕیکلام و جلوبەرگیش چاویان بڕیوەتە ئەو منداڵە تەمەن سێ ساڵانە کە لە شارۆچکەی رواندز لە پارێزگای هەولێر دەژی.

 دایکوباوکی ئاریۆس بۆ یادی سێ ساڵەی لە دایکبوونی ئاهەنگێکیان بۆگێڕا، لەو ئاهەنگەدا چەند وێنەیەکی گیرا و لە فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاویان کردەوە، ئیتر ئەو وێنانە بەخێرایی لە زۆربەی پەیج و ئەکاونتە کوردییەکان بڵاوکرانەوە

ئەوەی کە سەرنجی خەڵک و تەنانەت دایکوباوکیشی راکێشاوە، لێزانی و خۆشپێکەوتنیەتی لەکاتی نمایشی جلوبەرگ و وێنەگرتندا، هەر ئەمەش وایکردووە کۆمپانیایەکی ریکلامکردن پەیوەندی بە باوکییەوە بکەن تا کاریان لەگەڵ بکات

لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ کە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندیکردووە، لە مادەی ٣٢ دا هاتووە: هیچ كەس بۆی نییە منداڵان ناچار بکات تا ئەو كارانە بكەن كە گەشەی جەستەیی و دەروونییان دەخاتە مەترسییەوە، دایکوباوکی ئاریۆس دەڵێن چونکە بۆ خۆیشی ئارەزووی لە کارەکە هەیە، زۆر گەشبینن بە داهاتووی منداڵەکەیان تا ببێتە ئەکتەرێکی سینەمایی نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

ئەگەر ئاریۆس لەسەر ئەو کارە بەردەوامبێ ئەوا چانسێکی زۆری لە بەردەمدایە چونکە هەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەم کۆمپانیاکان پێشوازییەکی گەرم لەو بەهرە خۆڕسکانەی دەکەن.

ب.ح