تورکیا: ئەگەر پەیەدە بەشدارى ئۆپراسیۆنى منبج و ڕەقە نەکات ئەوا هێزەکانى ئێمە بەشدارى دەکەن

تورکیا: ئەگەر پەیەدە بەشدارى ئۆپراسیۆنى منبج و ڕەقە نەکات ئەوا هێزەکانى ئێمە بەشدارى دەکەن
21/03/2017

3550 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تورکیا نیگەرانە لەبەشداریکردنى یەپەگە لە ئۆپراسیۆنى منبج و ڕەقە و وتەبێژى حکومەتى تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەر یەپەگە بەشدارى نەکات ئەوا ئەوان بەشێوەیەکى کاریگەر بەشدارى دەکەن.

 ڕۆژى ٢٠ى ئازارى ٢٠١٧ نومان کورتوڵموش، جێگری سەرۆک وەزیران و وتەبێژی حکومەتی تورکیا دواى کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران راشیگەیاند "ئێستا ئەمریکا و ڕوسیا ھیچ بڕیارێکی دیاریکراویان لەبارەى ئۆپەراسیۆنەکانی رەقە و منبج نییە و بژاردەی جیاواز لەبەردەم ھەردوو وڵاتدا ھەیە".

کورتوڵموش باسی ئۆپەراسیۆنی رەقە و منبجی کرد و وتى "ئەگەر پەیەدە بەشداری نەکات ئەوا تورکیا ئامادەیە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە پاککردنەوەی ناوچەکە لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بکات، ئەمەشمان ھەم بە رووسییەکان و ھەمیش بە ئەمریکییەکان گوتووە".

ئەوەش لەکاتێکدایە سیپان حەمۆ، فەرماندە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە  ئاشکرایکرد، ئەوهێرشەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی دەکات بۆ دەرکردنی داعش لە شاری ڕەقە، لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوودا دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوەشکرد سەرباری ناڕەزایەتییەکانی تورکیا هێزەکانی ئەوانیش بەشداری ئۆپراسیۆنەکە دەکەن.

حەمو وتوویەتی "یەکینەکانی پاراستنی گەل بە هاوبەشی لەگەڵ شەڕکەرە عەرەبەکان لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی، بەشداری هێرشکردنە سەر شاڕی ڕەقە دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ٢٥%ی کۆی ئەو هێزەی کە ئامادەکراوە بۆ هێرشکردنە سەر رەقە، لە "شەڕوانە زۆر ڕاهێنراوەکانی" یەکینەکانی پاراستنی گەلە، کە شارەزاییان هەیە لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکاندا.

لەبەرامبەر جیڤ دەیڤس، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، تا ئێستا بڕیاری تەواوەتی نەدراوە سەبارەت بە هێرش بۆسەر ڕەقە، کەبەشێکە لە هێرشێکی دوولایەنە بۆ هەڵاوەشاندنەوەی خەلافەتەکەی داعش کە لە عێراق و سوریا لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕایگەیاندووە.

بەپێى زانیارییەکان لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لەناو شاری ڕەقەدا ماونەتەوە و لەو بڕوایەشدا بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ڕێکخراوی داعش  لەناوشارەکەدان.

پێشتریش فکری ئیشک وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاندووە، ئێمە وەک تورکیا هێڵی سوورمان لە منبج، نەمانەوەی ئەندامانی پەیەدەیە لە شارۆچکەکە. یەکەم کاری لە پێشینەی ئێمە وەدەرنانی پەیەدەیە لەوێ، ئەمە ئەنجام دەدەین، لەو پێناوەشدا یەکەم کارمان لەسەر ئاستی دیپلۆماسی دەبێت.

ش.ع