چۆن فێردەبیت ئیتر پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە خشتەت نەبەن؟

چۆن فێردەبیت ئیتر پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە خشتەت نەبەن؟
7 رۆژ پێش ئێستا

5119 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەئەمڕۆدا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان برەویان سەندووە ڕۆژانە بەمەلاین زانیارى و فۆتۆ و ڤیدیۆى چەوت بڵاودەکەنەوە بە ناوى ڕاستیەوە، لەم ڕاپۆرتەدا دەتوانیت بە ئاسانى زانیارى ڕاست و ناڕاستت لەیەکترى جیا بکەیتەوە.

 لە چەند شەوى ڕابردوودا لە ژمارەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە گوایە ئەم ڤیدیۆیە شەڕێکى گەرمى نێوان عەشیرەتى هەرکى و گۆران بووە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڤیدیۆیە هێرشێکى سوپاى یەمەنە بۆسەر چەکدارانى حوسى لە مانگى ئابى ساڵى ٢٠١٥دا.
ئەمە یەکەمجار نییە کە ڤیدیۆ یان وێنەیەکى ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکرێتەوە، بەڵکو ئەمە یەکێکە لەو کێشانەى کە بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدى دەکرێت.
بەپێی ئامارەکان ئەم جۆرە بابەتانە ڕەواجی لە بابەتە دروست و ڕاستەکان زیاترە.
هەندێک جار ئەکاونتێک یان پەیجێک بە ناوی کەسێکەوە بابەتێک یان لێدوانێک بڵاودەکاتەوە، زۆرینەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش پێش ئەوەی لە ڕاستی و دروستی بابەتەکە دڵنیابن، ڕاستەوخۆ دەکەونە کاردانەوە و هێرش کردنە سەر ئەو کەسەی قسەکە بە ناویەوە کراوە یان بە پێچەوانەوە دەست خۆشی لێدەکەن بەبێ ئەوەی ئەو کەسە خاوەنی قسەکە بێت.


لەماوەى ڕابردوودا یەکێک لەو هەڵانەى کە بەسەر زۆرێک لە میدیاکانى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕى بڵاوکردنەوەى وێنەیەکى فۆتۆشۆپى نەوشیروان مستەفابوو کە لە وێنەکەدا وادەردەکەوت لە نەخۆشخانە بێت. دواجار ئێن ئاڕ تى ڕاستى وێنەکەى ئاشکرا کرد کە بە فۆتۆشۆپ دەستکارى کرابوو.
یەکێکى تر لەو ڤیدیۆیانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرایەوە گرتە ڤیدیۆیى منداڵێک بوو کە لەلایەن باوکییەوە زۆر بەخراپى لێیدەدرا. زۆرێک لە خەڵکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وایان بڵاوکردبووەوە کە ئەو ڕووداوە لەناو خێزانێکى کورددا ڕوویداوە، بەڵام کاتێک بە باشى گوێ لە ڤیدیۆیەکە دەگریت بۆت دەردەکەوێت کە بە زمانى عەرەبى قسە دەکەن.

دوابەدواى گەڕان بۆ سەرچاوەى ئەو ڤیدیۆیە ئەوەش دەردەکەوێت کە ئەو رووداوە لە لوبنان ڕوویداوە.

گرتە ڤیدیۆییەکەش لەلایەن دایکییەوە بڵاوکراوەتەوە بۆئەوەى خەڵکى ئاگاداربکاتەوە لەوەى هاوسەرەکەى خۆى و منداڵەکانى ئەشکەنجەداوە.

دواتر یەکێک لە کەناڵەکانى ئەو وڵاتە بەرنامەیەکى تایبەتى لەبارەى دۆخى ئەو خێزانە بڵاوکردووەتەوە.

هەر لەماوەى ڕابردوودا دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەو منداڵەى عەلاگەیەکى لەسەر شێوەى درێسێکى میسى پۆشیووە، لە دهۆکە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە منداڵە ڕاستەقینەکە لە دهۆک نییە و ناوى مورتەزا ئەحمەدییە و لە ئەفغانستانە.
بۆئەوەى ئێوەش وەکو بەکارهێنەرێکى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهەڵەدا نەچن لێرەدا چەند ڕێگایەکتان پیشان دەدەن کە دەتوانن ڕاستى و دروستى وێنە و ڤیدیۆکان پشتڕاست بکەنەوە:


یەکەم: بۆ پشتڕاستکردنەوەى هەر وێنەیەک دەتوانن لە ڕێگەى ماڵپەرى گوگڵ لە ڕاستى و دروستى دڵنیابن.
لە ماڵپەرى گوگڵ کلیلک لە بەشى وێنە بکەن، دواتر وێنەکە ئەپلۆد بکەن و لە سەرچاوەى وێنەکە یان هاوشێوەکانى دڵنیادەبنەوە.
یان ئەگەر گومانتان لە وێنەیەک هەبوو لە ماڵپەرێکدا ئەوا کلیکى ڕاست بکەن و دواتر بژاردەى گەڕان بەدواى وێنەکەدا لە گوگڵ هەڵبژێرن.

 دووەم: ئەگەر گومانت لە هەر ڤیدیۆیەک هەبوو، ئەوا لە ماڵپەرى یوتیوب بە چەند وشەیەکى ئاماژە بۆ ئەو ڤیدیۆیە بگەڕێ.
بزانە ڤیدیۆى هاوشێوەت دەستدەکەوێت یان ئەو ڤیدیۆیە پێشتر بوونى نەبووە.


سێیەم: هەندێجار تەنها بە گوێگرتن لە ڤیدیۆیەک یان سەرنجدان لە شوێنى تۆمارى ڤیدیۆییەکە دڵنیا دەبیتەوە لەوەى کە سەرچاوەى ئەو ڤیدیۆیە کوێیە.
 ئەمانە چەند ڕێگایەکى سەرەتایین و باشتروایە بەر لە بڵاوکردنەوەى هەر پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا یان قسە کردن لەبارەیانەوە، بەلایەنى کەمەوە بەهۆى یەکێک لەم ڕێگایانەوە هەڵسەنگاندن بکرێت.

ش.ع