پێشنیازی کارێکی نوێ بۆ نزیک لە کەسایەتی ئۆباما کرا

پێشنیازی کارێکی نوێ بۆ نزیک لە کەسایەتی ئۆباما کرا
1 هەفتە پێش ئێستا

23812 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆمپانیای سپۆتیفیکا بۆ خزمەتگوزاری بەرهەمهێنانی میوزیک پێشنیازی کارێکی کۆمپانیاکەی بۆ نزیک لە کەسایەتی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا کردووە.

کۆمپانیاکە پیشەیەکی تایبەتی بەناوی "سەرۆکی پلەیلیست"ەوە دیاریکردووە و داوایکردووە بە گوێرەی مەرجەکانی کارەکە سی ڤی پێشکەشی کۆمپانیاکە بکرێت.

هەرچەندە کۆمپانیای سپۆتیفیکا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ناوی ئۆبامای نەهێناوە، بەڵام ئەو مەرجانەی کە دیاریکردووە تەنها لە باراک ئۆبامادا دەبیندرێن.

یەکەم مەرجی دامەزراندنی ئەو کارە ئەوەیە "ئەزموونی هەشت ساڵ کارکردنی لە بەڕێوەبردنی وڵاتێکی پەیوەندیداردا هەبووبێت".

مەرجێکی دیکەی کۆمپانیاکە ئەوەبووە "پێویستە کەسی شیاو پەیوەندی باشی لەگەڵ  هونەرمەند و میوزیک ژەنەکاندا هەبووبێت یاخود گۆرانیبێژەری ڕاپ کێندریک لامەر لە ئاهەنگی یادی لەدایکبوونەکەدا گۆرانی وتبێت".

هەروەها پێویستە ئەو کەسە ڕۆحیەتی کارکردنی بەکۆمەڵی هەبێت و کەسێک ڕوخۆش و گەرموگوڕبێت و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکانیدا بە پەرۆشیەوە باسی گۆرانی و هونەری کردبێت، هەروەها

توانایەکی باشی لە وتارداندا هەبێت.

کاری ئەو کەسە لە کۆمپانیاکە چاودێریکردن و شێکردنەوەی داتاو کارکردنی پلەیلیستەکان و پێشنیازکردنی بیرۆکەی نوێ دەبێت و پێویستە ڕۆژانە بەشداری ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاکە بکات.

تا ئێستا ئۆباما بەفەرمی وەڵامی پێشنیازی کارەکەی کۆمپانیای سپۆتیفی نەداوەتەوە, ناوبراو لە ٢٠ ی ئەم مانگەدا ماوەی سەرۆکایەتیەکەی کۆتاییدێت.

پەیوەندی ئۆباما لەگەڵ گۆرانی بێژانی ڕاپ، ئۆباما و کێندریک لامەر...

 

ب.ح