ڕێکس تیلەرسن: پێویستە ئەمەریکا هەڵەی عێراق لە سوریا دووبارە نەکاتەوە

ڕێکس تیلەرسن: پێویستە ئەمەریکا هەڵەی عێراق لە سوریا دووبارە نەکاتەوە
1 هەفتە پێش ئێستا

7210 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کاندید بۆ وەزیری دەرەوەی کابینەی نوێی حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ سەرکەوتوو نەبووە چونکە ئەمەریکا نەگەیشت بەو ئامانجانەی دیاریکردبوو.

تیلەرسن لە میانی کۆبووبەوەی لیژنەی پەیوەندیە دەرەکیەکانی ئەنجومەنی پیراندا ڕایگەیاند ، بڕیاری دەستوەردانی ئەمەریکا لە خاکی عێراق و گۆڕانی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی عێراق بڕیارێکی هەڵە بوو، چونکە لەدوای جەنگی عێراق سەقامگیری زیاتر لە هەرێمەکە و جیهان نەهاتەکایەوە.

بە بۆچوونی تیلەرسن، جەنگی عێراق نەبووەتە هۆی ئەوەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا کەمبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد ، جەنگی عێراق هاوشێوەی لیبیا شکستیخواردووبووە و پێویستە ئەمەریکا هەمان هەڵە لە سوریا دووبارەنەکاتەوە.

تیلەرسن وتیشی " پاش ئەوەی بە فەرمی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وەردەگرێت، کار بۆ ئەوەدەکات ئەمەریکا جارێکی دیکە ناچارنەبێت بەشداری جەنگی وڵاتێکی دیکە بکات".

لەگەڵ ئەوەشدا کاندیدەکەی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند "ئەرکی لە پێشینەمان بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکانە و نەمانی داعش یارمەتیمان دەدات تەرکیزمان لەسەر ڕێکخراوەکانی دیکەی وەک قاعیدە و ئیخوان موسلیمن و گروپە توندڕەوەکانی دیکە بێت".

ئەمەریکا لە شەرەکانی عێراق و سوریا و لیبیا و چەند وڵاتێکی دیکە ڕۆڵی کاریگەری هەبووە و پێشتریش بە هاوکاریکردنی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن سیاسەتی لە سوریا دەکرد.

ئێستاش ئەمەریکا هاوکاری و ئەرکی ڕاوێژکاری هەیە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی کە زۆرینەی کورد پێکی دەهێنێت و پاڵپشتی ئاسمانیان دەکات.

ب.ح