حکومەتی ئەڵمانیا وادەی مانەوەی سەربازانی لە هەرێم درێژکردەوە

حکومەتی ئەڵمانیا وادەی مانەوەی سەربازانی لە هەرێم  درێژکردەوە
ستیفن سیبێرت وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا
7 رۆژ پێش ئێستا

7276 جار خوێندراوەتەوە

+ -

حکومەتی ئەڵمانیا وادەی مانەوەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان تا ساڵی ٢٠١٨ درێژکردەوە.

ستیفن سیبێرت وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا دوێنی ١١ی کانونی دووەمی ٢٠١٧ لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران وادەی مانەوەی سەربازانی ئەڵمانی لە ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵێکی تر درێژ کردەوە کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەڵمانیا کە ژمارەیان ١٥٠ سەرباز دەبێت، تا ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ لە هەرێمی کوردستاندا دەمێننەوە.

سێبێرت هێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەو ڕاوێژکارانەی لە هەرێمی کوردستان بوون لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە لە مەشقکردن بەو هێزانەی شەڕی دژی داعش دەکەن.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، دڵنیایە کە بڕیارەکەی ڕۆژی چوارشەممە حکومەتی ئەڵمانیا لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسەند دەکرێت، دوای پەسەندکردنیشی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی دژی داعش کە ساڵی ٢٠١٤ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێکهاتووە، هاوکات ئەو وڵاتە جگە لە ناردنی ڕاوێژکاری سەربازی و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی داعش، بە ناردنی کەلوپەلی سەربازیش هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە.

ک.ئ