شێخ ئەحمەدی بارزانی کێ بووە و چ ڕۆڵێکی هەبووە لەناو بارزانییەکاندا؟

شێخ ئەحمەدی بارزانی کێ بووە و چ ڕۆڵێکی هەبووە لەناو بارزانییەکاندا؟
7 رۆژ پێش ئێستا

40408 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد بارزانییە، کە یەکێک بوو لە کەسایەتیە ناودارەکانی کورد و بە خودانی بارزانییەکان و ڕێبەرێکی تەریقەتی نەقشبەندی بووە.

شێخ ئەحمەد لە ساڵی ١٨٩٢ دا لەناوچەی بارزان لەدایک بووە و پاش لەسێدارەدانی شیخ عەبدولسەلامی براگەورەی، لەلایەن عوسمانیەکانەوە دەبێتە خودانی بارزانیەکان و ڕێبەری تەریقەی نەقشبەندی لە ناوچەکەدا.

لە ساڵی ١٩٣١ دا بەهۆی ناکۆکیەکانییەوە لەگەڵ حکومەتی ئەوسای عێراقدا، شەڕ وپێکدادان لەنێوان هێزی بارزانییەکان و سوپادا ڕوودەدات و نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت، کەدواتر بە شۆڕشی یەکەمی بارزان ناسێندرا.

بەڵام بەشداریکردنی هێزی ئینتیدابی بەریتانی لە شەڕەکاندا و بۆردومانی ئاسمانیی بۆسەر ناوچەکان، وادەکات شێخ ئەحمەد لەگەڵ ٤٠٠ هاوەڵیدا، بەرە و تورکیا بڕۆن و لەوێ داوای پەناهەندەیی بکەن.

حکومەتی ئەوسای تورکیاش، بەهۆی ئەوی کە پێشتر شێخ ئەحمەدی بەهاوکاریکردنی شۆڕشی ئارارات تۆمەتبار دەکرد و بۆ تێکنەچوونی پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراقدا، خۆی و هاوەڵەکانی ڕادەستی بەغداکردەوە.

لەگەڵ ڕادەستکردنەوەیدا بۆ شارەکانی باشوور دووردەخرێتەوە و ساڵی ١٩٣٦ دەهێنرێتە بەغدا، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ دوورخستنەوەی شێخ مەحمودی حەفید دا بۆ ئەوشارە و بەوەش سەردان و پەیوەندیی لەنێوانیاندا دروست دەبێت. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی عێراق شێخ ئەحمەد دووردەخەنەوە بۆ ناسریە.

ساڵی ١٩٣٩ بۆ ماوەیەکی کەم دەینێرنە پردێ و کفری و پاشان لەسلێمانی جێگیردەبێت. لە ١٩٤٣ دا مەلا مستەفای برای لەناوچەی بارزان شۆڕش دەستپێدەکاتەوە و کاتێک حکومەت داوای دانوستانی لێدەکات، یەکەم مەرجی بۆ دانوستان و ڕێککەوتن گەرانەوەی شێخ ئەحمەد دەبێت بۆ بارزان و ساڵی ١٩٤٤ بڕیاری دورخستنەوەی لەسەر لادەبرێت و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی مهاباد، شێخ ئەحمەد بە هاوەڵی مەلا مستەفا و هێزێکی بارزانییەکان بەشداریی شۆڕشەکە دەکەن. دوای ڕووخانی کۆماری مهاباد مەلامستەفا بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەڕوات، بەڵام شێخ ئەحمەد بۆ پاراستنی گیانی ژن و منداڵەکان خۆی ڕادەستی عێراق دەکاتەوە.

پاش دەستبەسەرکردنی، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆدەردەکرێت، بەڵام دوای سێ ساڵ بریارەکە دەگۆڕدرێت بۆ زیندانیکردنی هەتاهەتایی و تاکودەتای ساڵی ١٩٥٨ لە بەندیخانەدا دەبێت. ئازاد بوونی شیخ ئەحمەد هاوکات دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی مەلا مستەفادا لە یەکێتی سۆڤیەت.

لەوێ بەدواوە و پاش گەڕانەوەی بۆ ناوچەی بارزان، خۆی بۆ بەڕیوەبردنی کاروباری کاری ئایینی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە تەرخان دەکات و لە پرسی شۆڕشدا بەشداریی ڕاستەوخۆ ناکات.

بارزانیەکان، سەردەمی ڕابەرایەتی شێخ ئەحمەد بەسەردەمێکی زێڕین دادەنێن، کەتیایدا پێشکەوتن و چاکسازیی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە.

لەکانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٩ دا باری تەندروستیی شێخ ئەحمەد تێک دەچێت و لە نۆی ئەومانگەدا، بە هەلیکۆپتەر دەبرێتە بەغدا بۆچارەسەرکردن، بەڵام سەرلەبەیانی ١١ مانگ لەنەخۆشخانەی ئیبن سینا لەبەغداد کۆچی دوایی کرد.
م.ر