فراکسیۆنى ئازادی: ڕیگریکردن لە پەرلەمانتاران پرۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیان ئاڵۆز دەکات

فراکسیۆنى ئازادی: ڕیگریکردن لە پەرلەمانتاران پرۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیان ئاڵۆز دەکات
1 هەفتە پێش ئێستا

7876 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، ڕێگریکردن لە پەرلەمانتاران پرۆسەى ئاشتى و پێکەوە ژیان ئاڵۆز دەکات و ئەوەش بە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی تاک و سەرەتاکانی مافی مرۆڤ پێناسە دەکات و ئیدانەى ئەو کارەش دەکات.

ئەمشەو ١١ى کانوونى دووەمی ٢٠١٧ فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان ڕاگەیاندراوێکى لەبارەى ڕێگریکردن لە پەرلەمانتاران عەلى حەمە ساڵح و سۆران عومەر لە بازگەى پردێ بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەى فراکسیۆنى ئازادیدا، کە ئەبوو تارا بڵاویکردووەتەوە هاتووە "لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە هەرێمەکەمان لە ئارادایە. دوای ئەوەی گەڕی یەکەمی کۆبونەوەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە ئیجابی بەڕێوەچوون وە چاوەڕوانی بەشی دووەمی کۆبونەوەکان بووین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گۆڕانکاری لە حکومەت و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ پرسی یاسا و سەرۆکایەتیی هەرێم بەداخەوە جارێکی دیکە لە بازگەی پردێ ڕێگە لە دوو ئەندام پەرلەمان ( علی حمەصالح و سۆران عمر دەگیرێت ( علی حمەصالح و سۆران عمر) کە بچنە هەولێری پایتەختەوە".

لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەى فراکسیۆنى ئازادیدا ئەوەش خراوەتەڕوو "ئەمە پێچەوانەی سادەترین مافی هاووڵاتیی بوونە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، چ جای ئەو بەڕێزانە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانن و مافی پارێزبەندییان هەیە ئەم کارە نەشیاو نەخوازراوە بە بۆچوونی ئێمە پرۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیان ئاڵۆزدەکات و خزمەت بە پرۆسەکە ناکات".

باسى ئەوەشکراوە "هەر تێڕوانینێک کە هەبێت لەسەر هەرکەسێک پێویستە ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر نەک پەنا بردن بۆ ڕێگری و توندوتیژی کە ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی تاک و سەرەتاکانی مافی مرۆڤە ئەم کارە نەخوازراوانە سەرکۆنە و ئیدانە دەکەین و نابێت ببێتە نەریت و هیوادارین هەموو لایەنەکان بە بەرپرسیارێتی قۆناغەکە لەم مەسەلە بڕوانن و کار بۆ چارەسەری بکەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە شەوى ڕابردوو لە بازگەى پردێ لەلایەن هێزێکى ئەمنی و چەکدارەوە ڕێگرى لە گەڕانەوەى عەلى حەمە ساڵح و سۆران عومەر کرا بۆ شارى هەولێر و ئەوشە چەندین کاردانەوەى جۆراجۆرى لێکەوتوەتەوە.

ئەو ڕووداوە لەکاتێکدایە ١٢ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٥ش لە هەمان بازگە کە ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشورى ڕۆژئاواى شارى هەولێرەوە، ڕێگرى لە یوسف محەمەد سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان کرا بگەڕێتەوە هەولێر، ئەو ڕووداوەش بووە هۆى قوڵبوونەوەى زیاترى ناکۆکییە سیاسییەکانى هەرێم و پەکخستنى پەرلەمان.

فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان، فراکسیۆنى حزبى شیوعیى کوردستانە و کورسییەکى لە پەرلەمانى کوردستاندا هەیە.

ر.م