ترەمپ: ڕووسیا لەپشت هێرشی هاککردنەکانەوە بووە

ترەمپ: ڕووسیا لەپشت هێرشی هاککردنەکانەوە بووە
1 هەفتە پێش ئێستا

8464 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و بۆ یەکەمجار ئەوەی ئاشکراکرد کە "ڕووسیا لەپشت هێرشی هاککردنەکانەوە بووە" لە هەڵبژاردنەکاندا.

ترەمپ ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە "ڕووسیا تەنیا وڵات نەبووە کە بەشداربووە لە هێرشەکانی هاککردندا"، دیموکراتەکانیشی بەوە تۆمەتبارکرد، کە پرۆگرامی پێویست و پتەویان نەبووە بۆ ڕێگریکردن لەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن هەندێک لە میدیاکانی وڵاتەکەیەوە خرانەونەتەڕوو ڕایگەیاند، کە ئەوانە "هەواڵ و بابەتی ساختەن" و لەلایەن "کەسانێکی نەخۆش"ەوە دروستکراون.

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکان، میدیاکانی ئەمەریکا لەماوەی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکایان بەوە تۆمەتبارکرد، کە تیمی هەڵبژاردنەکەی لەگەڵ ڕووسیادا "پیلانی بەدکارانەیان گەڵاڵەکردووە و ڤیدیۆی سێکسی" ژیانی تایبەتییان بڵاوکردووەتەوە.

هاوکات ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، بازرگانییەکانی بە تەواوی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی دوو کوڕەکەیەوە. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە بۆ خستنەڕووی زانیاری لەبارەی کاروباری بازرگانی ترامپ ڕێکخرابوو، بەڵام خستنەڕووی بابەتی دەستێوەردان و هاککردن زاڵتربوو بەسەر کۆنفرانسەکەدا.
م.ر