کونسوڵخانەى گشتیى ژاپۆن لە هەرێم کرایەوە

کونسوڵخانەى گشتیى ژاپۆن لە هەرێم کرایەوە
کێنتارۆ سونۆرا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن
1 هەفتە پێش ئێستا

5728 جار خوێندراوەتەوە

+ -

حکومەتى ژاپۆن کونسوڵخانەى گشتیى وڵاتەکەى لە شارى هەولێر کردەوە و لە دەستێپکى کارەکانیشیدا پڕۆتۆکۆڵێکی لەگەڵ ده‌زگای گشتی مینى هەرێم ئیمزاکرد بۆ هاوکاریی هه‌رێم له‌ پاککردنه‌وه‌ی ناوچه‌ مینڕێژکراوه‌کاندا.

به‌پێی پرۆتۆکۆڵه‌که‌ حکومه‌تی ژاپۆن بە بڕى ٨٣٣ هه‌زار دۆلار که‌لوپه‌ل و ئامێره‌کانی پاککردنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نی بۆ هه‌رێمى کوردستان دابین ده‌کات.

ده‌زگای گشتیى کاروبارى مینى هەرێم له‌ ساڵی ٢٠٠٤ەوه‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ کۆی ٧٧٦ ملیۆن مه‌تر دووجا زه‌ویی مینڕێژکراو له‌ هه‌رێم له‌ سه‌دا ٦٥ پاکراوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌دا ٣٥ ماوه‌.

محەمەد ئه‌حمه‌د سه‌رۆکی ده‌زگای گشتیی کاروباری مین ده‌ڵێت، سه‌رباری قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێم تیمه کانیان به‌رده‌وامن له‌ پاککردنه‌وه‌ی زه‌وییه‌ مینڕێژکراوه‌کان.

فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم کردنەوەى کونسوڵخانەى ژاپۆن و ئیمزاکردنى پرۆتۆکۆڵەکەى ئەو وڵاتەی لەگەڵ دەزگاى مینى هەرێم، بە دوو بۆنەى گرنگ ناو دەبات.

له‌ هه‌رێمی کوردستان تا ئێستا ١٤ هه‌زار که‌س به‌هۆی تەقینەوەى مینەوە‌ گیانیان لەدەستداوە و کەمئەندابوون، ده‌زگای گشتی کاروباری مینیش چه‌ند گرێبه‌ستێکی له‌گه‌ڵ وڵاتان هه‌یه‌ بۆ پاککردنه‌وه‌ی ناوچه‌ مینڕێژکراوه‌کان.

ر.م