ڤیدیۆی شەڕێکی یەمەن وەک شەڕی نێوان دوو عەشیرەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکرایەوە

ڤیدیۆی شەڕێکی یەمەن وەک شەڕی نێوان دوو عەشیرەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکرایەوە
1 هەفتە پێش ئێستا

10837 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەچەند شەوى ڕابردوودا ڤیدیۆیەک لە چەند پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە گوایە ئەم ڤیدیۆیە شەڕێکى گەرمى نێوان عەشیرەتى هەرکى و گۆران بووە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڤیدیۆیە هێرشێکى سوپاى یەمەنە بۆسەر چەکدارانى حوسى لە مانگى ئابى ساڵى ٢٠١٥دا.

ئەوە یەکەمجار نییە، کە ڤیدیۆ یان وێنەیەکى ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکرێتەوە، بەڵکو ئەوە یەکێکە لەو کێشانەى کە بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدى دەکرێت. بەپێی ئامارەکان ئەم جۆرە بابەتانە ڕەواجی لە بابەتە دروست و ڕاستەکان زیاترە. هەندێک جار ئەکاونتێک یان پەیجێک بە ناوی کەسێکەوە بابەتێک یان لێدوانێک بڵاودەکاتەوە، زۆرینەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش پێش ئەوەی لە ڕاستی و دروستی بابەتەکە دڵنیابن، ڕاستەوخۆ دەکەونە کاردانەوە و هێرش کردنە سەر ئەو کەسەی قسەکە بە ناویەوە کراوە یان بە پێچەوانەوە دەست خۆشی لێدەکەن بەبێ ئەوەی ئەو کەسە خاوەنی قسەکە بێت.

لەماوەى ڕابردوودا یەکێک لەو هەڵانەى کە بەسەر زۆرێک لە میدیاکانى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕى، بڵاوکردنەوەى وێنەیەکى فۆتۆشۆپى نەوشیروان مستەفا بوو کە لە وێنەکەدا وادەردەکەوت لە نەخۆشخانە بێت. دواجار ئێن ئاڕ تى ڕاستى وێنەکەى ئاشکرا کرد کە بە فۆتۆشۆپ دەستکارى کرابوو.

یەکێکى تر لەو ڤیدیۆیانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرایەوە گرتە ڤیدیۆیى منداڵێک بوو کە لەلایەن باوکییەوە زۆر بەخراپى لێیدەدرا. زۆرێک لە خەڵکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وایان بڵاوکردبووەوە، کە ئەو ڕووداوە لەناو خێزانێکى کورد دا ڕوویداوە، بەڵام کاتێک بە باشى گوێ لە ڤیدیۆیەکە دەگریت، بۆت دەردەکەوێت کە بە زمانى عەرەبى قسە دەکەن. دوابەدواى گەڕان بۆ سەرچاوەى ئەو ڤیدیۆیە ئەوەش دەردەکەوێت کە ئەو ڕووداوە لە لوبنان ڕوویداوە. گرتە ڤیدیۆییەکەش لەلایەن دایکییەوە بڵاوکراوەتەوە بۆئەوەى خەڵکى ئاگاداربکاتەوە لەوەى هاوسەرەکەى خۆى و منداڵەکانى ئەشکەنجەداوە. دواتر یەکێک لە کەناڵەکانى ئەو وڵاتە بەرنامەیەکى تایبەتى لەبارەى دۆخى ئەو خێزانە بڵاوکردووەتەوە.

هەر لەماوەى ڕابردوودا، دەنگۆى ئەوە بڵاوبوویەوە کە ئەو منداڵەى عەلاگەیەکى لەسەر شێوەى درێسێکى میسى پۆشیووە، لە دهۆکە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە منداڵە ڕاستەقینەکە لە دهۆک نییە و ناوى مورتەزا ئەحمەدییە و لە ئەفغانستانە.

بۆئەوەى ئێوەش وەکو بەکارهێنەرێکى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهەڵەدا نەچن لێرەدا چەند ڕێگایەکتان پیشان دەدەن کە دەتوانن ڕاستى و دروستى وێنە و ڤیدیۆکان پشتڕاست بکەنەوە:

یەکەم: بۆ پشتڕاستکردنەوەى هەر وێنەیەک دەتوانن لە ڕێگەى ماڵپەرى گوگڵ لە ڕاستى و دروستى دڵنیابن. لە ماڵپەرى گوگڵ کلیلک لە بەشى وێنە بکەن، دواتر وێنەکە ئەپلۆد بکەن و لە سەرچاوەى وێنەکە یان هاوشێوەکانى دڵنیادەبنەوە. یان ئەگەر گومانتان لە وێنەیەک هەبوو لە ماڵپەرێکدا ئەوا کلیکى ڕاست بکەن و دواتر بژاردەى گەڕان بەدواى وێنەکەدا لە گوگڵ هەڵبژێرن.

دووەم: ئەگەر گومانت لە هەر ڤیدیۆیەک هەبوو، ئەوا لە ماڵپەرى یوتیوب بە چەند وشەیەکى ئاماژە بۆ ئەو ڤیدیۆیە بگەڕێ. بزانە ڤیدیۆى هاوشێوەت دەستدەکەوێت یان ئەو ڤیدیۆیە پێشتر بوونى نەبووە.

سێیەم: هەندێجار تەنها بە گوێگرتن لە ڤیدیۆیەک یان سەرنجدان لە شوێنى تۆمارى ڤیدیۆییەکە دڵنیا دەبیتەوە لەوەى کە سەرچاوەى ئەو ڤیدیۆیە کوێیە.

ئەمانە چەند ڕێگایەکى سەرەتایین و باشتروایە بەر لە بڵاوکردنەوەى هەر پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا یان قسەکردن لەبارەیانەوە، بەلایەنى کەمەوە بەهۆى یەکێک لەم ڕێگایانەوە هەڵسەنگاندن بکرێت.

م.ر