ئۆباما: جیهان چاوەڕوانى گواستنەوەى ئاشتییانەى دەسەڵاتە بۆ ترەمپ

ئۆباما: جیهان چاوەڕوانى گواستنەوەى ئاشتییانەى دەسەڵاتە بۆ ترەمپ
1 هەفتە پێش ئێستا

6307 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە ژێر دروشمی "بەڵێ دەتوانین"، کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا بەکاری دەهێنا، باراک ئۆباما ٤٤هەمین سەرۆکی ئەمەریکا وتاری ماڵئاوایی لە زێدی خۆی لە ویلایەتی شیکاگۆ لەبەردەم نزیکەی ٢٠ هەزار کەسدا پێشکەشکرد و تیایدا داوای لە گەلەکەی کرد پابەندی بەها باڵاکان بن و جیاوازیی ڕەگەزیی و ئاینی سەرزەنشت بکەن.

لە وتارەکەیدا ئۆباما جەختی لەسەر دیموکراسی کردەوە و داوای لە خەڵکی ئەمەریکا کرد پارێزگاری لێبکەن، وتیشی بەهەموو پێوەرەکانی ئەمەریکای ئەمڕۆ لە ٨ ساڵ لەمەوبەری بەهێزتر و باشترە، وتیشی ئەو گەنجانەی کە باوەڕیان بە ئەمەریکایەکی دادپەروەر و گشتگیر هەیە، ئێستا گەشبینترن.

له‌باره‌ی گۆڕانكاری له‌ كه‌شوهه‌وای گۆی زه‌ویشەوە ئۆباما دووپاتی كرده‌وه‌، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ زانستییه‌ خیانه‌تكردنه‌ له‌ نه‌وه‌كانی داهاتوومان، کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ وتەیەکی ترەمپ کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە کەشوهەوا دەکشێتەوە.

ئۆباما پێداگریشی کرد لەسەر هەڵوێستەکانی سەبارەت بە داخستنی گرتوخانەی گوانتانامۆ و  پەنانەبردن بۆ ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان.

بەشێک لە ئامادەبووانی لەکاتی وتارەکەدا، دروشمی "چوار ساڵی تر" یان دەوتەوە، بەڵام ئۆباما وتی ناتوانێت و لە ٢٠ ی ئەم مانگەدا هەموو جیهان هێمای دیاری دیموکراسی ئەمەریکا دەبینن کە ئەویش گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵاتە بۆ دۆناڵد ترەمپ.

باراک ئۆباما باسیشی له‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی كرد كه‌ له‌ دوو خولی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ودا به‌دی هاتوون، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و چاكسازی له‌ بیمەی ته‌ندروستی و له‌ناوبردنی ئوسامه‌ بن لادن سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە لە پاکستان، وتیشی بە بێ تەقاندنی یەک گولـلە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران داخرا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لەسەردەمی باراک ئۆبامادا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان ئەمەریکا و کوبا لە دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ دابڕان ئاسایی بوونەوە و ٣٠ ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکاش لە بیمەی تەندروستی سوود مەندبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک دۆسێی وەک شەڕی دژی داعش و دۆسێی ئەتۆمیی کۆریای باکور و  قەیرانی پەنابەران و چەند دۆسێیەکی تر بە کراوەیی و بێ چارەسەرکردن ماونەتەوە.

لە ٢٠ ی ئەم مانگەشدا بەفەرمی  ئۆباما دەسەڵاتەکانی ڕادەستی دۆناڵد ترەمپ دەکات کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانی پێش خۆی بکات.

ترەمپ چەندین جار لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا پێشنیازی کردبوو، بۆ ماوەیەک ڕێگە لە موسوڵمانان بگیرێت بچنە ناو خاکی ئەمەریکاوە، هەروەها پێشنیازی بونیادنانی دیوارێکی کردبوو بە درێژایی سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ مەکسیکدا.

ر.م