حزبەکانى ڕۆژئاواى کوردستان داواى گۆڕینى ناوى کۆمارى سوریاى عەرەبى دەکەن

حزبەکانى ڕۆژئاواى کوردستان داواى گۆڕینى ناوى کۆمارى سوریاى عەرەبى دەکەن
1 هەفتە پێش ئێستا

13849 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان سوورە لەسەر سیستمی فیدراڵی بۆ داهاتووی سوریا و ئەو داواکارییەشیان لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا ڕادەستی ڕووسیا کردووە.

بەر لە سێ هەفتە لە بنکەی سەربازیی ڕووسیا لە حمەیمیم وەفدێکی پێکهاتوو لە ١٧ حیزب و لایەنی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیدا کۆبوونەوە، هەر چەندە ڕووسیا حیزبەکانی ئەندامی ئەنەکەسەشی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کردبوو، بەڵام ئەو لایەنانە بەشدارییان نەکرد و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کۆبوونەوەکە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا ئەنجام دراوە.

ئاژانسی سپۆتنیکی ڕووسی لەسەر زاری فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری سیستمی فیدڕاڵی باکوری سوریا کە خۆی ئەندامی وەفدەکە بووە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنە کوردییەکان پڕۆژە و نەخشەڕێگەی خۆیان بۆ داهاتووی سوریا ڕادەستی لایەنی ڕووسی کردووە، بەپێی پڕۆژەکەش داواکارییە سەرەکییەکانی کورد خۆی لە چەند خاڵدا دەبینێتەوە.

یەکەم: دەبێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی سوریادا بکرێت و دەوڵەتێکی فیدڕاڵ و دیموکراتی دابمەزرێت. لایەنە کوردییەکان ڕاشیانگەیاندوو،ە ئەوان دەوڵەتێکی ناوەندی لەسەر بنەمای یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئایین قبوڵ ناکەن.

دووەم: دەبێت دەستوورێکی دیموکراتیک بۆ سوریا بنووسرێتەوە و بۆ نووسینەوەی ئەو دەستوورەش دەبێت لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت، لایەنە کوردییەکان هەروەها ئەو دەستوورەشیان ڕەتکردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٢دا لەلایەن حکومەتی سوریاوە پەسند کراوە.

سێیەم: دەبێت ناوی وڵاتەکەش بگۆڕدرێت، چونکە کۆماری سوریای عەرەبی ئاماژە نییە بۆ ناسنامەی هەموو گەلان و پێکهاتەکانی سوریا.

چوارەم: پێویستە لە بەرامبەر بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا و هەندێک هێزی دیکەوە ڕێوشوێنی هاوبەش و گشتی بگیرێتەبەر.

پێنجەم: هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی لە دژی گەلان و بە تایبەتیش لە دژی کورد ئیمزا کراون هەڵبوەشێنرێنەوە.

حکومەتی سوریا تا ئێستاشی لەگەڵدابێت دژی بیرۆکەی سیستمی فیدراڵییە بۆ داهاتووی سوریا و بەر لە مانگێک بەشار ئەسەد جارێکی دیکە دژایەتیی خۆی بۆ سیستمی فیدڕاڵی دەربڕی و ڕاشیگەیاند، کە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان شتێکی کاتین، لەمبارەیەوە فۆزا یوسف بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەی سێ هەفتە لەمەوبەر لایەنی ڕووسی بە وەفدە کوردییەکەیان ڕاگەیاندووە لە ئێستادا سوریا ئامادە نییە بۆ گۆڕانکاری گەورە و ڕیشەیی و دەبێت سەرەتا لە هەنگاوی بچوکەوە دەست پێ بکات و دواتر هەنگاوی گەورە بنێت.

ر.م