عەبادی: بە سەرۆک وەزیرانی تورکیام وت تا هێزەکانتان لە باشیک نەکشێنەوە پەیوەندییەکانمان ناچێتە پێشەوە

عەبادی: بە سەرۆک وەزیرانی تورکیام وت تا هێزەکانتان لە باشیک نەکشێنەوە پەیوەندییەکانمان ناچێتە پێشەوە
1 هەفتە پێش ئێستا

10234 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دوای لێدوانەکەی بیناڵی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نۆی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند بە (یڵدرم)ی وتووە تا هێزەکەی تورکیا لە باشیک نەکشێتەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا یەک هەنگاو ناچێتە پێشەوە.

وەک وەڵامدانەوەیەکی حەیدەر عەبادی، فکرى ئیشک وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دوای لەناوبردنی داعش لە ناوچەکە پرسی کشانەوەی هێزەکەی لە باشیک تاوتوێ دەکات و لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستانەوە، چارەسەری پرسەکە دەکات.

لەگەڵ گەیشتنەوەی بۆ شاری ئەنقەرە، سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بە تایبەتى لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە دەستپێکردووە، بەڵام دیارە بینالی یڵدرم هێشتا لاپەرە کۆنەکانی لەگەڵ بەغدا دانەخستووە.

ئەم لێدوانانەی نێوان بەغداو ئەنقەرە، ئەوە دەردەخەن کە هێشتا کشانەوەی هێزەکەی تورکیا لە باشیک لە کۆبوونەوەی نێوان یڵدرم و عەبادی تەنها گفتوگۆی لەسەرکراوە و هیچ ڕێککەوتنێکی لەسەر نەکراوە.

تەنانەت کاتی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەى نێوان عەبادی و یڵدرم جۆرێک لە دژبەیەکی لە وتەکانیاندا هەبوو، لە کۆنفرانسەکەدا عەبادی ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا هێزەکەی تورکیا دەکێشێتەوە، بەڵام یڵدرم باسی لەوەکرد کە لەداهاتوودا پرسی کشانەوەی هێزەکەیان لە باشیک تاوتوێ دەکەن.

بەبۆچوونی بەشێک لە شارەزایانى سیاسەتى تورکیا کشانەوەی هێزەکەی تورکیا لە باشیک کارێکی ئاسان نابێت و پەیوەندیدارە بە چەند پرسێکی ترەوە وەک پرسی پەکەکە لە شنگال، نزیکبوونەوەی حەشدی شەعبی لە سنووری سوریا و ناوچەی تەلەعفەر کە ناوچەیەکی تورکمانییە هەروەها زیادبوونی هەژموونی ئێران لە سوریا و عێراق، تورکیاش بەنیازە بوونی هێزەکەی لە باشیک بەرامبەر بەم کارتانە وەک فشار بەکاربهێنێت.

لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٥ دا هێزێکی تورکیا لە باشیک جێگیرکرا دواتر لە کۆتایی هەمان ساڵدا تورکیا هێزی زیاتری بۆ ناوچەکە ڕەوانە کرد، ئێستاش هێزەکە بە نزیکەی هەزار سەرباز و ڕاوێژکاری سەربازیی دەخەمڵێنرێت، پێش ڕاگەیاندنی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ئەنقەرە و بەغدا لەسەر بەشداریکردنی ئەو هێزە لە ئۆپراسیۆنەکە لێدوانی توند و دژ بەیەکیاندا ئێستاش لە ڕێگای لێدوانەکانیانەوە لەسەر کشانەوەی هێزەکەی باشیک بەردەوامن لە ناکۆکییەکانیان.
م.ر