ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی
7 رۆژ پێش ئێستا

8071 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پارتی و یه‌كێتی جارێکى تر لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەکەش لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، گفتوگۆیان کردووە لەسەر دانانی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هه‌رێم، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانى کوردستان.

هەروەها جەختیشیانکردەوە لەسەر بەردەوامبوونى کۆبوونەوەکانى هەردوولا بۆ ئەوەى بەزوویی بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەرى کۆی کێشەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتى شاندى پارتى و كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆکایەتى شاندى یەکێتى کرد.

سەبارەت بە قەیرانى دارایی لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا، ئاماژە بەوەکراوە کە هه‌ردوولا پاڵپشت و هاوكاردەبن بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگەی چاره‌سه‌ركردن و ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌و بوارانه‌ی پێویستن.

لە بەشێکى ترى ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەى پارتى و یەکێتى باس لە دانانی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش کراوە، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌خۆبگرێت، بەمه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و هه‌ر لایه‌نێكی په‌یوه‌ندار بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی ناوچه‌كانی مادده‌ی ١٤٠ له‌ ئاینده‌یه‌كی دیاریكراودا، ئینجا ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوانیانەوە، پارتى و یەکێتى دەڵێن گفتوگۆیان کردووە کە پەیوەندییەکانیان له‌ئاست گۆڕانكارییه‌ خێرا و زۆره‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا بێت و له‌ به‌رژوه‌ندیی گه‌لی كوردستاندا بێت، به‌تایبه‌تی له‌ بواری حوكمڕانی و په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كان و په‌یوه‌ندیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا‌.

هەروەها لە خاڵێکى ترى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پارتى و یەکێتى هه‌وڵدەدەن بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه‌و گرفتی هێزه‌ سیاسییه‌كانی  پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و ڕێزگرتن له‌ سه‌روه‌ریی یاسا و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری یه‌كتر.

کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی دوای ئەوەدێت، ڕۆژی دوو شەممە مەكتەبی سیاسی پارتی کۆبووەوە تاوتوێى دەستپێكردنەوەی سەردانەکانى شاندى پارتى کرد، بۆ لاى لایەنەکان کە بڕیارە پارتى سەردانەکانى دەستپێبکاتەوە و لەسەرەتاشدا لەگەڵ یەکێتییدا کۆببێتەوە.
م.ر